وەزارەتی بەرگری تورکیا: 89 بنکە و پێگەمان کردووەتە ئامانج.. خۆسەریش ئاماری زیانەکانی بڵاوکردەوە

‌خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا، سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەمڕۆی کردووە

وێستگەنیوز_

وەزارەتی بەرگری تورکیا سەبارەت بە هێرشەکانیان، بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشوور و رۆژئاوای کوردستان، 89 پێگە و بنکەیان کردووەتە ئامانج.

نوێترین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا ناوی (چنگ – شمشێر)ـە و وەک وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، "ئۆپەراسیۆنی چنگ - شمشێر بۆسەر ناوچەکانی قەندیل، ئاسۆس و خواکورک باکووری عێراق و کۆبانی، تەلرەفعەت، جزیر و باکووری سووریا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا".

ئەو وەزارەتە راشیگەیاندووە، "89 ئامانجی تیرۆریستان وەک پەناگە، ئەشکەوت، کۆگای تەقەمەنی، بارەگا و کەمپی راهێنان خاپوورکران و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستیش پەرتەوازەبوون".

هاوکات، میدیای نزیک لە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاند، سوپای تورکیا لە درەنگانی شەوی رابردووەوە ناوچەکانی کۆبانێ، شەهبا، زرگان و دێرک بۆردوومان دەکات. 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە گوندی "تەقل بەقل" سەر بە دێرک و لە بۆردومانی یەکەمدا دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا. دوای ئەوەی خەڵک چوونە شوێنی رووداوەکە، تورکیا بۆ جاری دووەم بۆردوومانی گوندەکەی کرد و حەوت هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان رۆژنامەوانە. 
 
لە باکووری ناوچەی زرگانیش گوندی "تل حەرمەل" بۆردوومانکراوە کە خاڵێکی سوپای سووریای لێیە. هەروەها لە شاری دربێسیێ سایلۆیەک بۆردوومانکراوە. لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە سێ کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوە جگە لە کوژرانی سێ سەربازی سووریا و برینداربوونی 5ی دیکە، ئەوە بە گوێرەی میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
 
لە گوندی "قەزعەلی" کە لە نێوان شارۆچکەی "گرێ سپی" و شاری "کۆبانی" هەڵکەوتووە، خاڵێکی سەربازی سوپای سووریا کراوەتە ئامانج و لە هێرشەکەدا سەربازێک کوژراوە و دووانی دیکەش برینداربوون. 
 
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، رێگەی نێوان جەرابلوس -کۆبانێ کراوەتە ئامانج و لە کاتژمێر 09:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەش فرۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا جارێکی دیکە لە نێو شاری کۆبانێ گردی "مشتەنوور" و گەڕەکی "کانی کوردان" و گوندی "حەلنج" کە لە رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ هەڵکەوتووە بۆردوومان کردووە. لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا رۆژنامەڤانێک برینداربووە. 
 
سەرچاوەکە دەشڵێت: لە ناوچەش شەهباش خاڵێکی سەربازیی سوپای سووریا کراوەتە ئامانج کە لە گوندی "شەوارغە" ـی ناوچەی "شەرا" هەڵکەوتووە، لە ئەنجامدا 10 سەرباز کوژراون و پێنجی دیکەش برینداربوون.


PM:02:46:20/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 3452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت