یونسێف ئاماری منداڵە کوژراو و بریندارەکانی ئەمساڵی لە عێراق بڵاوکردەوە


وێستگه‌نیوزـ

رێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی 580 منداڵ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەھۆی ململانێ و شەڕ و توندوتیژییەوە کوژراون، لەو ژمارەیەش 65 منداڵایان عێراقین.


رێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی رۆژی چەسپاندنی مافەکانی منداڵان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمساڵ نزیکەی 580 منداڵ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەھۆی ململانێ و شەڕ و توندوتیژییەوە کوژراون کە دەکاتە تێکڕای 10 منداڵ لە ھەر ھەفتەیەکدا کە ئەمە دۆخێکی قبوڵنەکراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، منداڵانی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا رووبەڕووی زیادبوونی توندوتیژی دەبنەوە و بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی نێو کۆمەڵگەکان و نائارامی سیاسی، تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ کە ژمارەیەک وڵاتی گرتووەتەوە، لەوانەش ئێران، عێراق، لیبیا، سوودان، سوریا و یەمەن، ھەروەھا ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانیش.

راگەیەنراوەکەی یونسێف ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ھەفتەی رابردوو، دوو کچ لە کەمپی ھۆل لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراون.

دەشڵێت، ھەرچەندە لە یەمەن ئاگربەستێکی پاڵپشتیکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە ھۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی ململانێکە و ژمارەی قوربانییەکان، بەڵام ئاگربەستەکە لە تشرینی یەکەم کۆتایی ھات و منداڵان کەوتنەوە ژێر ھێرش و پەلامارەکان.

راگەیەنراوەکەی یوسنێف باسی لەوەشکردووە، لە عێراق تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ و ململانێکانی رابردوو ھەڕەشە و مەترسین بۆسەر منداڵان، بە جۆرێک تەنیا ئەمساڵ 65 منداڵ بەو ھۆیەوە کوژراون یان برینداربوون.

سەرەڕای چەندین ھەوڵ و رێککەوتن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان، بەڵام ھێشتا لە زۆرێک لە وڵاتان، مافەکانی منداڵ پێشێل دەکرێت و لە خوارتەمەنی یاساییەوە دەخرێنە بەر کار.

رۆژانە لە بازاڕ، ناوچەکانی پیشەسازی، کارگە و دوکانەکاندا، چەندین منداڵ دەبینرێت کە لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوەن و خەریکی کارکردنن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، زۆرێک لەوانەش بەھۆی کارکردنەوە لە خوێندن دابڕاون.


PM:01:38:20/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت