واشنتن جه‌خت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ عێراق ده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مریكا پشتیوانی خۆی وه‌ك هاوبه‌شێكی ستراتیژی عێراق دوپاتده‌كاته‌وه‌ و جه‌خت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانیشی ده‌كاته‌وه‌ له‌ عێراق بۆ پاڵپشتیكردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق له‌ شه‌ڕی به‌رده‌وامیان بۆ شكستپێهێنانی داعش.

ده‌یڤد هێرندۆن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئەمریکا رایگه‌یاند كه‌ له‌ په‌راوێزی دیداری ساڵانه‌ی دیالۆگی مه‌نامه‌ له‌ به‌حرێن وه‌فدێكی ئه‌مریكا كه‌ پێكهاتبوون له‌ كۆلین كاهل، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری ئەمریکا بۆ كاروباری سیاسی، برێت مه‌كگۆرك، رێكخه‌ری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باربارا لیف، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كۆبوونه‌ته‌وه‌.

به‌وته‌ی هیرۆن، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، شاندی ئەمریکا جەختی لە پابەندبوونی وڵاته‌كه‌یان کردەوە وه‌ك هاوبەشێكی ستراتیژی لەگەڵ عێراق، هه‌روه‌ها پابەندبوونی واشنتنیان بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ییان له‌ عێراقدا ماونه‌ته‌وه‌ دووپاتكرده‌وه‌، بۆ پاڵپشتیكردنی هێزە ئه‌منییه‌كانی عێراق لە شەڕی بەردەوامیان بۆ شکستپێهێنانی داعش.

"به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كان نیگەرانییەکانی خۆیان سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق به‌ فوئاد حوسێن راگه‌یاندووه‌ و هیوای ئه‌وه‌شیان خواستوه‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێی عێراق سه‌ركه‌وتوبێت له‌ دابینكردنی سەقامگیری ئابووری و هه‌نگاوه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان بۆ خۆگونجاندنی له‌ ناوچه‌كه‌دا." ده‌یڤد هێرندۆن وای وت

تائێستا ئەمریکا نزیكه‌ی 2500 سه‌ربازی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ كه‌ رۆڵه‌كانیان له‌ چاوراچێوه‌ی پشتیوانیكردن، راهێنان و راوێژكارییه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، له‌ روبه‌روبونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش، كه‌ تائێستا له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌كه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ماوه‌ ماوه‌ كرده‌وه‌ی چه‌كداری ئه‌نجام ده‌ده‌ن.


PM:08:56:19/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو