مەسک بۆ گەڕاندنەوەی ترەمپ بۆ تویتەر بۆچوونی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە وەردەگرێت


وێستگەنیوز-

ئیلۆن مەسک سەبارەت بە گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ نێو تویتەر بۆچوونی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە وەردەگرێت. 
 
رۆژی شەممە 19-11-2022، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر راپرسییەکی بە ناونیشانی "ترەمپ، سەرۆکی پێشوو بگەڕێنمەوە؟" بۆ ماوەی 24 کاژێر راگەیاند. تەنیا لە ماوەی سێ کاتژمێردا نزیکەی 5 ملیۆن کەس بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کرد و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دوای کۆتاییهاتنی کاتەکەی ئەنجامی کۆتایی دەردەکەوێت.
 
تاوەکو کاتژمێر 04:30ی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، 52٪ی بەشداربووانی راپرسیەکە خواستیان لەسەر گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترمپ دەربڕیوە.
 
هۆکاری دوورخستنەوەی ترەمپ لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، تۆمەتبارکردنی بوو بە هاندانی هاووڵاتییان بۆ هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە 6ی کانوونی دووەمی 2021. ترەمپ ئەو کات بە لایەنگرانی وت، ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە لە 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەڕێوەچوو، ساختەکاری تێداکراوە.
 
ساڵی رابردووش مەسک راپرسییەکی هاوشێوەی لەبارەی فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا بڵاوکردەوە و تێیدا لەبارەی فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیاکە پرسیاری لە فۆڵۆوەرزەکانی کرد. دوای ئەوەی وەڵامی "بەڵێ" دەنگی زۆرینەی بەشداربووانی راپرسییەکە بوو، مەسک 1 ملیار پشکی کۆمپانیاکەی فرۆشت.
 
دۆناڵد ترەمپ، پێش ئەوەی لە تویتەر قەدەغە بکرێت، 88 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەبوو. دوای ئەوەی لە تویتەر قەدەغەکرا، دۆناڵد ترەمپ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی "سۆشیاڵ تروس" دروستکرد و بڕیاریدا نەگەڕێتەوە تویتەر و لەوێوە بەردەوامبێت. 
 
مەسک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، خاوەن و دامەزرێنەری کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، تێسلا، بۆرینگ و ئۆپن ئەی ئایە؛ هەروەها لە 27ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە 44 ملیار دۆلار تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری کڕیەوە و ئێستا بە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە و خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە دەناسرێت.


PM:05:51:19/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو