لە رووداوێکی ئاگر کەوتنەوەدا لە فەلەستین 21 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە کۆمەڵگەی جبالیای ئاوارەکان لە کەرتی غەزەی فەلەستین 21 ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا.

ئەمڕۆ هەینی 18ی تشرینی دووه‌می 2022، دوای ئەوەی رووداوێکی ئاگرکەتنەوە لە کەمپی ئاوارەکانی جبالیا لە غەزەی فەلەستین کەوتەوە و بەهۆیەوە 21 کەس گیانیان لەدەستدا، مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین کارەساتەکەی بە کارەساتێکی نیشتیمانی ناوبرد و پرسەی نیشتیمانی راگەیەند.

هەروەها، بەهۆی رووداوەکەوە ئاڵای وڵات لە ناوچەکانی رۆژئاوای وڵات و کەرتی غەزە تا ئاستی نیوە هێنراوەتە خوارەوە و ماتەمینی لەسەرتاسەری وڵاتدا راگەیەندراوە.

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیيانی فەلەستین بەشداری رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لانیکەم حەوت منداڵ لەنێو قوربانییەکاندا هەن، تیمەکانی بەرگری شارستانی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بۆئەوە دەگەڕێننەوە کە لەئەنجامی هەڵگرتنی بڕێکی زۆر لە بەنزین لەنێوماڵەکەداهەبووە.

ئاماژەبەوەشکراوە، هەڵگرتنی ئەو بڕە بەنزینە بەمەبەستی کارپێکردنی مۆلیدەی کارەبا بووە ئەوەش بەهۆی کەمی کارەبا لە ناوچەکەیاندا.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەی ئەندامانی خێزانەکە بەهۆی ئاهەنگی دەرچوونی یەکێک لە کوڕەکانی ماڵەکەوە بووە و لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکە سەرجەم ئەوانەی لە کۆبوونەوکەدا ئامادەبوون گیانیان لەدەستداوە و هیچ کەسێکیان رزگاری نەبووە.


PM:10:30:18/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 3600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو