کەسوکاری ئەو مێردمنداڵەی دوای دەستگیرکردنی گیانیلەدەستدا: پێنج پۆلیس کوڕەکەمانیان خنکاندووە


وێستگه‌نیوزـ

کەسوکاری ئەو مێردمنداڵەی دوای دەستگیرکردنی گیانیلەدەستدا رایگەیاند، کوڕەکەیان لەدوای ئەوەی گیراوە بە پێنج پۆلیس لێیانداوە و تەعزیبیان داوە و دواتریش لە ژوری زیندان خنکاندویانە.


کەسوکاری مێردمنداڵەکە دەڵێن، "داوای کامێرای چاودێریمان کردووە وتویانە کامێراکانمان کار ناکات".

باسیان لەوەشکردووە، کامێراکانی گەڕەکەکەیان سڕیوەتەوە و باس لەوەش دەکەن کە کامێرای ژوری زیندانەکە کار ناکات و هەوڵیشیان داوە راپۆرتی پزیشکییەکە بگۆڕن.

دەشڵێن، کوڕە 17 ساڵەکە دوای ئەوەی شەڕی کردووە و رایکردووە، بە دەمانچە و تفەنگ لێیان داوە و بە پێی چۆتەوە بۆ زیندان، سەرەڕای ئەوەی شوێنی لێدانی پێوەیە، بەڵام دواتر رایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان گیانیلەدەستداوە.

باسیان لەوەشکردووە، کە مێردمنداڵەکە تەمەنی کەمە و نە دەبوایە بە دەمانچە لێی بدرێت و بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، جێگەی ئەشکەنجە بە تەرمی کوڕەکەوە دیاربووە کە چەندین شوێنی جەستەی بە قۆناغە دەمانچە شین بووەتەوە.

وتیشیان: "کوڕێکی دیکەش لەگەڵی دەستگیرکراوە، تا ئێستا رێگە نادەن کەس بیبینێت و لە زیندان هێشتوویانەتەوە".


PM:12:56:13/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت