وەزیری دارایی هەرێم بەدواداچون بۆ کێشەی ھاوڵاتیان و بازرگانانی سلێمانی ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەدواداچون بۆ گرفتی ھاوڵاتیان و  بازرگانانی سلێمانی دەکات لە ڕووی پێدانی باج و ئەو کێشانەی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی، ھەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و فەرمانگەکانی باجی خانوبەرەی یەک و دوو و خانوبەری میری و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو دامەزراوانە و بەرپرسی بەشە جیاجیاکانی ناو فەرمانگەکان کۆبوەوە. 

وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی وەزیری دارایی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرکی سلێمانی بوو و تێیدا بەدواداچونی کرد بۆ ھەموو ئەو کێشە و لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ و بار بەسەرشانی ھاوڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن بارەکان و بەڕێوەچونی ئیشوکارەکانیان لە ڕێگەی دەروازە و بنکە گومرگییەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکە. 

وەزیری دارایی بڕیاریدا ھەموو کارئاسانیەک بکرێت لەپێناو زیاتربونی جوڵە بازرگانیەکان و بەسودی ھاوڵاتیان بەگشتی و کۆکردنەوەی داھات. 

دواتریش وەزیری دارایی و ئابوری ھەریەک لە فەرمانگەی خانوبەرەی میری و باجی خانوبەرەی یەک و دووی سلێمانی و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەكۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانە سەرجەم تێبینی و گازندەی بەشێک لە ھاوڵاتیانی لەبارەی چۆنیەتی پێدانی باج خستەڕوو و فەرمانیشی کرد ھەموو خزمەتەکان بە پێی یاساو ڕێنماییەکان جێبەجێبکرێن و بەو ئاڕاستەیە بێت کە بارگرانی بۆ ھاوڵاتی دروست نەکرێت. 

ھاوکات بەشێکی تر لە کۆبونەوەکان پەیوەست بوو بە کەمی میلاک و پێداچونەوە بە شێوازی ھەیکەلیەتی ئیداری و کارگێڕی ناو ئەو فەرمانگانە و شێوازی دابەشبونی پسپۆڕییەکان لە ناو ئەو دامەزراوە حکومییانە و بڕیاردرا لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە ڕێکخستنەوەیان بۆ بکرێت.


PM:08:51:06/10/2022


ئه‌م بابه‌ته 776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت