پەرلەمانتارێکی پێشووتری عێراق لەسەر بردنی نیوەی مووچەی پاسەوانێکی دادگایی دەکرێت


وێستگەنیوز_

پەرلەمانتارێکی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی پەرلەمانتارییەکەیدا نیوەی مووچەی پاسەوانێکی نەداوە، لەسەر ئەو کارەشی دادگای لێکۆڵینەوە فەرمانی بانگھێشتکردنی بۆ دەرکردووە.

ئەمرۆ پێنجشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2022، فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دادوەری تایبەتمەند لە دادگای دووەمی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد فەرمانیکردوە بە بانگکردنی پەرلەمانتارێکی خولی دووەمی 2010-2014 لەبەرامبەر بڕینی نیوەی مووچەی مانگانەی یەکێک لە پاسەوانەکانی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دادگای لێکۆڵینەوە فەرمانی بانگکردنەکەی بە پێی حوکمەکانی ماددەی 453 لە یاسای سزادانی عێراق دەرکردووە کە تایبەتە بە خراپ بەکارھێنانی موڵک و ماڵی سپاردەی کەسانی تر بۆ مەبەستی تایبەتی بە پێچەوانەی  ئەو مەبەستەی کە پێی سپێردراوە.

هەتا ئێستا هیچ لایەنێک ناوی ئەو ئەندام پەرلەمانەی کە تۆمەتبارکراوە ئاشکرا نەکردووە. بەڵام بوونی ئەو کەیسە و دادگایی کردنەوە پشتراستکراوەتەوە.


PM:06:52:06/10/2022


ئه‌م بابه‌ته 1412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت