بلاسخارت:عێراق بە مەترسیدارترین قۆناغ تێدەپەڕێت..په‌یامێكمان ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانی كردوه‌


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ هاوڵاتیانی عێراق گیرۆده‌ی دۆخێك بوون كه‌ به‌رگه‌ی ناگرن، وتیشی: په‌یامێكمان ئاراسته‌ی سه‌ركرده‌كانی عێراق كردوه‌ ناكۆكییه‌كانیان به‌لاوه‌ نێن.

جینین بلاسخارت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ وتی: عێراق بە مەترسیدارترین قۆناغ تێدەپەڕێت و گروپە چەکدارەکان هەڕەشەن لەسەر عێراق".

"هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامانجی خۆی نەپێکاوە و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق لە یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان شکستیانهێناوە  و چه‌ندین مانگه‌ ناكۆكی باڵی به‌سه‌ر كه‌شی سیاسیدا كێشاوه‌ و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوڵاتیانی عێراق كردوه‌، ناكۆكییه‌كان زمانی گفتوگۆی په‌خستوه‌و ئێمه‌ش هانی هێوربونه‌وه‌مان داوه‌و داوامان كردوه‌ رێز له‌ ده‌ستور بگیرێت" بلاسخارت وای وت.

هه‌ر له‌سه‌ر دۆخی عێراق، بلاسخارت ده‌ڵێت: "مه‌ترسیی خوێنرشتن له‌عێراق هێشتا له‌ ئارادایه‌ و هه‌مووان به‌رپرسیارن له‌و دۆخه‌، بچوكترین پریشكیش له‌وانه‌یه‌ ببێته‌هۆی كاره‌سات، بۆیه‌ هیچ بیانویه‌ك بۆ توندوتیژی له‌ عێراقدا نییه‌."

بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماریش كه‌ له‌ناوخۆی كورد یه‌كلانابێته‌وه‌، بلاسخارت ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "تائێستا لایەنە کوردییەکان لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار رێکنەکەوتوون و کێشەکانی دیکەی وڵات بەردەوامن". 

له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیش نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیس نێوده‌وڵه‌تی وتی: "هەرچەندە بڕیاربوو لەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی رێککنەکەوتنی لایەنەکان هەڵبژاردنەکە دواخراوە، لە هەرێمی کوردستانیش هێشتا "زۆنی زەرد و سەوز بەردەوامە".

له‌ به‌رده‌وامیی وتاره‌كه‌یدا، بلاسخارت وتی "هۆشداریم له‌ بۆردومانه‌كانی توركیا و ئێران داوه‌و ده‌بێت ئه‌و كاره‌ بێ سه‌روبه‌رانه‌ رابگیرێن و نابێت هیچ دراوسێیه‌ك وا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ عێراقدا بكات كه‌ وا بزانێت حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی خۆیه‌تی".


PM:05:21:04/10/2022


ئه‌م بابه‌ته 2492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت