شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: کەسانێک هەن لە خۆپیشاندانی تشرینییەکاندا (دەستن)

‌خۆپیشاندانی تشریینییەکان لە بەغداد

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە بەغداد دەستی پێ کرد و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێ دەکەن. شانەی راگەیاندنی ئەمنییش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دەزگا ئەمنییەکان کەسانێکیان دەستنیشان کردووە، کە بە مۆلۆتۆف و چەک هێرشیانکردۆتە سەر هێزە ئەمنییەکان.

ئەمڕۆ یادی زیندووڕاگرتنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 بوو لە شاری بەغداد دژ بە گەندەڵی و بێ کاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی. لە دوێنێوە هێزە ئەمنییەکانیش خرانە دۆخی ئامادەباشییەوە.
 
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش هاوڵاتیان و چالاکوانان لە شاری بەغداد، بۆ یاد و زیندووڕاگرتنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019، خۆپیشاندانیان دەست پێکرد.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە هێزەکانیان لەسەر ئاستێکی بەرزی پیشەیی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکەن، بەبێ بەکارهێنانی چەک و هێز.

هەروەها  شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: "دەزگا ئەمنییەکان کەسانێکیان دەستنیشان کردووە، کە بە مۆلۆتۆف و چەک هێرشیانکردۆتە سەر هێزە ئەمنییەکان".

لە کۆتایی راگەیاندنەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیدا، داوا لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەکات، ئەو کەسانەیان رادەست بکەن، کە (دەستن) و لەنێویاندان.

جێگای بیرهێنانەوەیە خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019، دژ بە بێکاری و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی لەلایەن چالاکوانانەوە بەڕێوەبرا ونزیکەی 740 کەس تیایدا کوژران و 17 هەزاریش برینداربوون.


AM:11:17:01/10/2022


ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت