خۆپیشاندەران: حکومەتی پاشکۆ قبوڵ ناکەین


وێستگەنیوز_


خۆپیشاندەرە تشرینییەکان رایدەگەیەنن، "حکومەتی پاشکۆ قبوڵ ناکەین و چی دیکە ناتوانین بە بێ خزمەتگوزاری ژیان بەڕێبکەین."

ئەمرۆ شەممە 1ـی 10ـی 2022، خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە بەغدا دەستیپێکرد و بەو هۆیەوە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، "تاقیکردنەوەکانی ئەمرۆ بۆ کاتێکی نادیار دوادەخرێت."

هاوکات بەپێی زانیارییەکان، زۆرینەی رێگاکان بە ئاراستەی گۆرەپانی تەحریر داخراون. لای خۆشیەوە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئاشکرایکردووە، "هاتووچۆ ئاساییە و دۆخی بەغدا سەقامگیرە."

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، "پلانی تایبەتمان بە پاراستنی خۆپیشاندەران داناوە."

بەشیکیش لە خۆپێشاندەران دەڵێن: حکومەتی پاشکۆ قبوڵ ناکەین. دەشڵێن، "ناتوانین بە بێ خزمەتگوزاری بژین، نە ئاو نە کارەبا نە رێگەوبان هیچ شتێکمان نییە."

هەروەها سەرەڕای بڵاوەپێکردنی هێزێکی ئەمنی لە زۆر لە ناو شاری بەغدا، بەڵام "خۆپیشاندەران دەیانەوێت بگەنە ناوچەی سەوز. "

هاوکات پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە خۆپیشاندەران کە هەوڵی تێپەراندنی بەربەستە کۆنکرێتییەکانی پردی کۆمارییان دەدا، لە ئێستادا میدیا عیراقییەکان دەڵێن، "خۆپیشاندەران توانییان ئەو بەربەستە تێپەڕێنن."

هۆکاری ناوهێنانی ئەو کەسانەی  خۆپیشاندان دەکەن بە تشرینییەکان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، لە تشرینی یه‌كه‌می 2019، لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی حکومەتی عێراق ئەنجامدرا و داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و گۆڕانکاریان دەکرد، بەهۆی فشاری ئەوانیشەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامدرا.


AM:09:48:01/10/2022


ئه‌م بابه‌ته 1380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت