بەرهەم ساڵح هاته‌ ده‌نگ: بۆردومانەکانی ئێران پێشهاتێكی مەترسیدارەو مایەی قبوڵکردن نییە


وێستگه‌ نیوزـ

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبوەوەو لەبارەی بارگرژییەکان و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم بۆردومانەی ئێران "بارگرژییەکی مەترسیدارە و مایەیی قبوڵکردن نییە" و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری وڵات و سەلامەتی هاوڵاتیان.

"بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و گفتوگۆکرا سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی وڵات و بەتایبەتی بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەوهۆیەوە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە." راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق وای وتوه‌.

به‌رهه‌م ساڵح، به‌پێی راگه‌یه‌ندراه‌كه‌، له‌ دیداره‌كه‌دا وتویه‌تی"ئەم بۆردومانەی ئێران پێشهاتێکی مەترسیدارە و مایەیی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری وڵات و سەلامەتی هاوڵاتیان، بەردەوامبونی تۆپبارانەکانی تورکیاش بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێگای قبوڵکردن نییە و پێشیلکردنی سەروەری وڵاتە و پێویستە کۆتایی پێ بهینرێت". 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا به‌پێویست زانرا كه‌ کێشە و دۆسییە ئەمنییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دراوسێیەتی باش و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و رەتکردنەوەی چارەسەری یەکلایەنە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پێویستی رێزگرتن لە سەروەری عێراق. 

" جەختکرایەوە لە بڕیاری فەرمی دەوڵەتی عێراق کە سیاسەتی دەرەوەی یەکخراوە و بڕیاردراوە عێراق نەکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ و کێشەکانی لایەنەکانی دیکە و دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری و مەترسی خستنە سەر ئاسایشی ناوخۆیی، هەروەک چۆن عێراق رەتیدەکاتەوە ببێتە سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر هیچ لایەنێک، دوپاتیشکرایەوە لە هاوبەشی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و ئاسایشی عێراق. " راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئه‌مه‌شی تێدا هاتووه‌.

بەرهەم ساڵح وتویه‌تی، "گرنگە گفتوگۆ و دیالۆگ و رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش و پارێزگاریکردن لە سەروەری عێراق و سەلامەتی خاک و خەڵکەکەی".


PM:11:38:30/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو