ئهوقافی گهرمیان: مهلا عهباس وتاربێژ نییە و كهسمان دوور نهخستووهتهوه
مەلا عەباس
وێستگهنیوزـ
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی گەرمیان رهتیدهكاتهوه هیچ مامۆستایهكی ئاینی له وتاربێژی دوورخستبێتهوه، دهشڵێت، مهلا عهباس وتاربێژ نییه، تهنها پێشنوێژ بووه و بهكاتی یهك دوو وتاری خوێندووهتهوه.
ئەمڕۆ هەینی 30ی ئەیلولی 2022، لە روونكردنەوەیەكی ئەوقافی گەرمیان هاتووە، "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان و سنووری دەسەڵاتی رای دەگەیهنین لە سنووری خۆماندا هیچ مامۆستایەكی ئاینیمان لە وتاردان دوور نەخستوەتەوە".
باس لەوەش كراوە، "ئەوەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەئامانج بڵاوكراوەتەوە بەداخەوە بەبێ زانیاری و بێ بنەمای راستی وتراوە، ئەمە پێی دەوترێت موزایەدەی ئایینی، ئەركی راستەقینەی كەسی موسوڵمانیش دەبێت راستگۆ بێت و دواداچوون بكات ئینجا هەواڵ بڵاو بكاتەوە، یان راستەوخۆ پێوەندیان بە ئێمەوە بكردایە راستیەكانمان روون دەكردەوە".
ئەوقافی گهرمیان روونكردنهوهی زیاتریداوه و دهڵێت: "بۆ ئەوەی ناحاڵیبون روونەدات مامۆستا (مەلاعباس) وتاربێژی مزگەوتی ئیخلاص نییە لە دەربەندیخان تا لە وتاردان دورخرابێتەوە، بەڵكو پێش (نوێژە) لە هەمان مزگەوت و مامۆستا (مەلا قادری) سۆڵاوە وتاربێژی مزگەوتەكەیە و مامۆستا یەك دوو هەفتەیە ناساغ بوو نەیتوانی وتار بخوێنێتەوە مامۆستا عباس لە جیاتی ئەو خوێندویەتیەوە، سوپاس بۆخوا ئێستا باری تەندروستی مامۆستا (مەلا قادر) باشەو گەڕاوەتەوە سەركارەكەی خۆی و ئەم جومعەیە خۆی وتاری خوێندەوە، بۆیە هیچ فەرمانێك بۆ هیچ كەسێك دەرنەكراوە كە لە وتار دووربخرێتەوە".
مهلا عهباس، مامۆستای ئاینی رایگهیاند: "من لە وتاردان دوورخراومەتەوە، وتاریشم نییە ئەمڕۆ، بۆ راستی و درووستی قسەکانی من و بڵاوکراوەی قایمقامیەت و بەڕێوەبەری ئەوقافی بەڕێز، بچن بۆ مزگەوتی ئیخڵاس بزانن من وتارم ماوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەڵام لە بەر زۆری فشارەکان دەیانەوێت چەواشەکاری بکەن و ئەو زوڵمەی لێم دەکرێت پەردەپۆشی بکەن، من پیاوی موزایەدە نیم و بەدوای هیچ پلەو پۆستێکەوە نیم نابم، من نوێنەری ئەوقاف ئاگاداری کردومەتەوە و رۆژی یەکشەممەش لیژنەم لەسەر دەگیرێت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بڕیاریان داوە ئەگەر م. عهبدولقادریش ناساغ بێت من کە کەسی دووەمیشم بۆم نەبێت وتاربدەم".
PM:03:22:30/09/2022
ئهم بابهته 1276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت