پوتین چوار ناوچه‌ی ئۆكرانیای لكاند به‌ رووسیاوه‌

‌ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی رووسیا بە فەرمی هەر چوار ناوچەی خێرسۆن و زابۆرژیا و لۆهانسک و دۆنیستکی ئۆکرانیای خستەپاڵ وڵاته‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش لە کاتێکدا ئەو ناوچانە 15٪ خاکی ئۆکرانیا پێکدەهێنن و سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک دان بە هەوڵەکانی روسیا نانێین بۆ داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا".


لە رۆژی سێشەممەی رابردوو پڕۆسەی ریفراندۆم لە ناوچەکانی دۆنیستک و لۆهانسک و خێرسۆن و زابۆرژیای سەر بە وڵاتی ئۆکرانیا بە سەرپەرشتی حکومەتی روسیا دەستی پێکرد و دوای چوار رۆژ لە 27ی مانگ کۆتایی پێهات.  

ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم ناوچانە نزیکەی 15٪ی خاکی ئۆکرانیا پێکدەهێنن و بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر سێی دوا نیوەڕۆ بە کاتی مۆسکۆ لە مەراسیمێکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی یەکێتی روسیا بە فەرمانی ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی وڵاتەکە ئەم ناوچانە بخرێنە پاڵ وڵاتی روسیا و چاوی بە سەرکردەکانیان بکەوێت.

بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی روسیا باسی لێوە دەکات، لە ریفڕاندۆمەکەدا، دەنگدان بۆ سەربەخۆبوون لە ئۆکرانیا و چوونە پاڵ روسیا، لە هەرێمی زابۆرژیا 93٪ و لە خیرسۆن 87٪ و لە لۆهانکس 98٪ و لە دۆنتیسک 99٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

هاوکات وڵاتانی رۆژئاوا و ئۆکرانیا ریفراندۆمەکەیان رەتکردەوە و ئەنجامەکانیان بە "ساختە" ناوبرد و لەلایەکی دیکەشەوە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاش رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، "ئەمریکا هەرگیز دان بە هەوڵەکانی روسیا نانێت لە داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا".

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە میانەی لوتکەی واشنتۆن و کۆبوونەوەی سەرکردایەتی دورگەکانی زەریای هێمن رایگەیاند، ئەو ریفراندۆمانەی روسیا لە چەند ناوچەیەکی ئۆکرانی ئەنجامیدا "گاڵتەجاڕییەکی" تەواو بوو، هاوکات ئامانجی روسیا لە دژایەتی کردنی ئۆکرانیا سەپاندنی بیرۆکەی ئیمپراتۆریەتی ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی روسیایە و وتیشی، "ئەم کردەوانەی روسیا پێشێلکارییەکی روونە بەرامبەر نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا".


AM:11:11:30/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت