سوپای پاسداران: له‌ موشه‌كبارانكردنی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بین


وێستگه‌ نیوزـ

هێزی زه‌مینیی سه‌ربه‌ سوپای پاسدارانی ئێران دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ زنجیرە هێرشە موشەکییەکانیان بۆسەر گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت "تاوەکو چەک داماڵینی تەواوەتی".  

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ی ئه‌یلولی 2022، هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌: "دوای پەرەسەندنی خراپەکارییە بەرفراوانەکانی گروپە جوداخوازەکان لە ناوچەکانی باکوری عێراق و بوونی ڕۆڵ و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی هەندێک لەو گروپانە لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەمدواییە، سوپای پاسداران هێرشی موشەکی کردە سەر بارەگاکانی کۆمەڵە و دیموکرات."  

سوپای پاسداران جارێکی تر داوای لە حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە "جددیتر بەرپرسیارێتیەکانیان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن وەک دراوسێیەک".  

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 28ی ئه‌یلولی 2022، ئێران بۆردومانی بنکەو بارەگاکانی حزبە کوردییە نەیارەکانی وڵاته‌كه‌ی لە هەرێمی کوردستان لەناوچەکانی هەولێر وسلێمانی کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەزگای دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، لە بۆردومانه‌كه‌ی ئێراندا لانیکەم 13 کەس شه‌هید بوون كه‌ یه‌كێكیان ژنێکی دووگیان بووه‌و دوای لەدایکبوونی کۆرپەکەی شەهیدبوو، ئەمڕۆش کۆرپەکەی گیانی لەدەستدا.

هاوکات، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، توانیویانە لەڕێگەی ئارستەکردنی 73 موشەکی بالیستییەوە بەیارمەتی دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 42 لە ئامانجە دەستنیشانکراوەکانیان بەوردی بپێکن.


PM:10:58:29/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو