رووسیا چوار ھەرێمی ئۆکرانیا وەک بەشێک لە خاکەکەی دەناسێنێت


وێستگەنیوز_

دوای کۆتاییھاتنی راپرسی لە چوار ھەرێمی ئۆکرانیا بۆ چوونەپاڵ رووسیا، ئەنجامەکان بە بەڵێ دەرکەوتن و زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ھەرێمانە رەزامەندنیان بە چوونە سەر خاکی رووسیا دەربڕیوە.

لای خۆشییەوە، دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا "کریملن" رایگەیاند، "رۆژی ھەینی لە مۆسکۆی پایتەخت مەراسیمی ئیمزاکردنی پەیماننامەی چوونی ئەو ناوچانە بۆ سەر خاکی رووسیا بەڕێوەدەچێت و پاشان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا وتارێک پێشکەش دەکات و چوونی ئەو چوار ھەرێمە بۆ سەر خاکی وڵات رادەگەیەنێت."

ھەرێمەکانی "لۆهانسک و دۆنێتسک  خیرسوون و زاپۆریژیا"، چوار ناوچەی ستراتیژیی ئۆکرانیان، بە گشتیی روبەری ئەو ناوچانەی راپرسی چوونەپاڵ رووسیایان تێدا کراوە، زیاترە لە 100 ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە 20%ی کۆی گشتیی خاکی ئۆکرانیا پێکدەھێنن و ژمارەی دانیشتووانەکانیان لە نێوان 5 بۆ 7 ملیۆن کەسە، کە دەکاتە 15%ی کۆی دانیشتووانی ئۆکرانیا، بەپێی زانیارییەکانیش لێپرسراوانی باڵای ئەو چوار ھەرێمە، دەچنە مۆسکۆ بۆئەوەی بڕیارێکی مێژوویی بدەن، کە بڕیاری چوونەپاڵ رووسیایە.

ھەفتەی رابردوو راپرسی لە ھەرێمەکانی "لۆھانسک و دۆنێتسک  خیرسوون و زاپۆریژیا"، بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە ناوچەی زاپۆریژیا رایگەیاندووە، دوای جیاکردنەوەی 100%ی دەنگەکان دەرکەوتووە کە 93.11%ی دەنگدەران دەنگیانداوە بەوەی بچنە سەر رووسیا، لەناوچەی خیرسونیش، زیاتر لە 87%ی دەنگدەران و لە لۆھانسک 98.42% و لە دۆنێتسکیش 94.75%ی خەڵک بۆ چوونە سەر رووسیا دەنگیانداوە، لە یەکەم کاردانەوەشدا فلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنیدا، کار بکەن بۆ بەرگریکردن لە ھاوڵاتیانیان لەو ناوچانەی رووسیا داگیری کردوون.


PM:05:52:29/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو