بەدواداچوونی وێستگە نیوز: هەواڵی لابردنی حیجابی زۆرەملێ لە سعودییە، ساختەیە

‌نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی سعودییە

وێستگه‌نیوزـ

لەگەڵ ئەوەی چالاکوانانی وڵاتی سعودیە، چەند ساڵێکە لە هەوڵی گۆڕینی یاسای حیجابی زۆرە ملێدان لەو وڵاتە و چەند جارێک هەڵمەتیان بۆ ئەنجامداوە، بەڵام دوێنێ هەواڵێک لە ماڵپەرە کوردییەکان بڵاوبوویەوە، سەبارەت بەوەی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بڕیاری لابردنی حیجابی زۆرەملێی داوە. لە بەدواداچونێکی وێستگەنیوزدا، دەرکەوت ئەو هەواڵە ناڕاستە.

لە هەواڵەکەی دوێنێدا وا بڵاوکرابوویەوە: (بەگوێرەی نوسراوێکی ئەمینداری گشتیی لە وەزارەتی ناوخۆی سعودییە،  بە مەبەستی برەودان بە تواناکانی ژنانی سعودییە لە کۆمەڵگا و بەشداری کارایان لە تەواوی کایەکانی ژیاندا،‌ پێنج بڕیاری دەرکردووە).

هەر بەگوێرەی هەواڵەکان، لە خاڵی یەکەمی ئەو بڕیارەدا هاتووە، (کە لە 23ی ئەم مانگەوە، حیجاب نەکردن ئاساییە و بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە بەهۆی نەکردنی حیجابەوە، گێچەڵ بە ژنانی هاوڵاتیی و ئەوانەش بکرێت، کە وەک شاند دێنە وڵاتەکەوە...و پێویستە پۆلیس ئاگاداربکرێتە لە هەر جۆرە سەرپێچییەک، ئەمەش لەپێناو سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن).

لە بەدواداچوونێکی وێستگەنیوزدا، دەرکەوت ئەو نووسراوەی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە ساختەیە.

لەگەڵ نزیکبوونەوە  لە رۆژی نیشتیمانیی سعودیە، چالاکوانانی ئەو وڵاتە، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی نوسراوێکیان بڵاوکردبوویەوە، کە گوایە وەزارەتی ناوخۆی سعودییە گشتاندوویەتی و تیایدا بڕیاری حیجابی زۆرەملێ لەو وڵاتە لابراوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی رۆژنامەی (الشروق)ی سعودیە، لە نووسراوەکەدا بەرواری رۆژی نیشتیمانیی سعودیە، کە 27ی مانگی سەفەری 1444ی کۆچییە، (سعودیە رۆژژمێری کۆچی بەکاردەهێنێت) گۆڕدراوە بۆ زاینیی، لە نووسراوەکەدا بە 24ی ئەیلول نوسراوە، کە لە راستیدا دەکاتە 23ی ئەیلول.

لە راستیدا ئەو نووسراوەی وەزارەتی ناوخۆ، پێشتر لە ساڵی 2019 لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوویەوە و دەسەڵاتدارانی سعودیە رەتیان کردبوویەوە.

لە 22ی ئەیلولی 2019دا، رۆژنامەی (عاجل)ی سعودیە لە هەواڵێکدا، باس لەوە دەکات، کە ئەو نوسراوە گشتگیرکراوە بەناوی وەزارەتی ناوخۆی سعودییەوە، (وشە و دەربڕینێکی تیادا بەکارهێنراوە، کە لە نووسراوە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا بەکارناهێنرێن).

هەروەها لە 18ی ئابی 2020دا، رۆژنامەی (النهار) لە راپۆرتێیکدا، ئەو نوسراوەی رەتکردۆتەوە و بە ساختەی داناوە.

لە بەدواداچوونەکەی رۆژنامەی (الشروق)دا، باس لەوە کراوە کە لەهیچ لە یەکێک لە راگەیاندنە دیارەکانی سعودیە، ئاژانسی هەواڵەکانی سعودیە(واس)، ئەلعەرەبیە، عاجل، عکاظ و سەبەق، باسیان لەو نووسراوە گشتگیرکراوە نەکردووە.





AM:09:12:29/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو