ئێران هەڕەشەی توند لە خۆپیشاندەران دەکات

‌خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی پۆلیسی ئێران هۆشدارییدا لەوەی هێزەکانیان بەهەموو هێزیانەوە رووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە، کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، ماوەی 12 رۆژە بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

لە بەیاننامەیەکدا پۆلیسی ئێران رایگەیاند: "پۆلیس بە هەموو هێزێکیانەوە رووبەڕووی پیلانگێران دەبنەوە و بە توندی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانەدا دەکەن، کە ئاساییشی وڵات تێکدەدەن".

جێگای ئاماژەیە چەند رۆژێکە بەرپرسانی ئێران هۆشداری و هەڕەشەکانیان دژ بە خۆپیشاندەران زیاد کردووە و لە راگەیاندنەکانەوە لێدوان لەوبارەیەوە دەدەن.
ئەگەرچی ئاماری پشتڕاستکراوە نییە، بەڵام بەپێی زانیاریی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تا دوێنێ 76 لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و بەهەزاران دەستگیرکراو و بریندار هەیە.

لەلایەکیترەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆیتریس، ئەمڕۆ داوای لە ئێران کرد: "تا ئەوپەڕی توانا، دان بەخۆیدا بگرێت" لە رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەراندا.

هەروەها داواشی لە ئێران کردووە، دووربکەوێتەوە لە بەکارهێنانی چەک و دەڵێت: "ئێمە هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەین، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کوژراوان، کە لەناویاندا ژن و منداڵ هەن".


PM:12:43:28/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت