دادگای فیدرالیی: عێراق کێشەی ناکۆکی سیاسی و گەندەڵیی هەیە نەوەک کێشەی دەستور

‌جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدرالیی

وێستگەنیوز-

جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدرالیی رایگەیاند، عێراق کێشەی ناکۆکی سیاسی و گەندەڵیی هەیە، نەوەک کێشەی دەستور.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵەکانی عێراق (واع)، سەرۆکی دادگای فیدرالیی رایگەیاند، دەبێت هەموو دەسەڵاتە فیدرالییەکان بەپێی دەستور کاربکەن، تا بەرژەوەندیی گەلیان لەبەرچاو بێت. ئامانجیش لە دادگای فیدرالی پاراستنی دەستور و رێگریکردنە لە سەرپێچییەکان.

سەبارەت بە کێشە سیاسییەکانی ئێستای عێراقیش ئاماژەی بەوەدا، کە کێشەکە نە لە دەستوردایە و نە لە کارەکانی دادگای فیدرالیشدایە، بەڵکو کێشەکە لە جێبەجێکردنی دەستوردایە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەندام پەرلەمانە دەستلەکارکێشاوەکانی رەوتی سەدر، عەبود وتی: "سەرۆکی دادگای فیدرالیی ناتوانێت رای خۆی لەوبارەیەوە بدات، چونکە دەبێتە جێگای مشتومڕی نێوان ئەندامانی دادگاکە و ئیتر دەبێت لەژێر رۆشنایی دەستوردا لێیبکۆڵدرێتەوە" و "چەند سکاڵایەکیش سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی رەوتی سەدرهەیە، هەندێکیان رەتکراونەتەوە، چونکە چۆنییەتی کردنی سکاڵاکان، هەڵەی تیادا بووە. سکاڵاکانی تریش سەیر دەکرێن".

سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، سەرۆکی دادگای فیدرالیی باسی لەوەکرد، کە دادگاکە هەندێک لە بڕگەکانی یاساکە بە نادەستوری دەبینێت و لەسەر پەرلەمانە پرۆژە یاسا دابنێت لە چوارچیوەی یاسادا، تا جێگای ئەو بڕگانە بگرێتەوە. ناشتوانرێت هیچ هەڵبژاردنێک بکرێت، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن تەواو نەبێت.

لەبارەی یاسای بودجەشەوە، سەرۆکی دادگای فیدرالیی ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی ئێستا، کاربەڕێکەرە و ناتوانێت یاسای بودجە بنێرێت. لەسەر دەسەڵاتی یاسادانانیشە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵک، ناکۆکییەکان تێپەڕێنێت. سەبارەت بە یاسای بودجەش، لە حکومەتی کاربەڕێکەردا  هیچ پێشکەش بە دادگای فیدرالیی نەکراوە. ئەو یاسایەش نابێت لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بنێردرێت بۆ پەرلەمان. ئێستا عێراق کێشەی دەستوری نییە و بەدەست دوو گرفتەوە دەناڵێنێت، کە ناکۆکی سیاسی و گەندەڵیین و "تا ئێستاش دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێریی دارایی سنورێکیان بۆ گەندەڵی دانەناوە و ئەگەر دادوەریی کۆمەڵایەتیش نەبێت، ئەوا ناتوانرێت دەوڵەت بینابکرێت".

سەبارەت بە دۆسییەی نەوتیش، عەبود باسی لەوە کرد "نەوت و گاز موڵکی گەلن و گەل دەتوانێت هەڵسوکەوتیان پێوەبکات، نەک هیچ دەسەڵاتێک، لەوبارەیەشەوە دادگای فیدرالیی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان قسەی خۆی کردووە، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەش لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکاندایە بەپێی بەرژەوەندیی عێراق و قوربانیی بە بەرژەوەندییەکانی نەدرێت. دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی و دانانی ئیحسان عەبدولجەبار بە وەزیر، نایاساییە و پێشتریش دادگای فیدرالیی تانەی لەو بڕیارە داوە. هەربۆیە ناتوانرێت کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانیی دامەزرێنرێت ئەگەر یاسای نوێی بۆ دانەنرێت، کە جێگای یاسا کانی پێشوو بگرێتەوە".


PM:01:50:27/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو