بانکی ناوەندیی عێراق: کار بۆ دەرکردنی پارەی ئەلکترۆنی دەکەین

‌بانکی ناوەندیی عێراق

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێ شەممە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، تا بتوانن هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی دراودا بڕۆن، کار دەکەن بۆ دەرکردنی پارەی ئەلکترۆنی و جەختیشی کردەوە، کە لابردنی سفری سەر پارە کاغەزەکانی دیناری عێراقیی، پێویستی بە ئابورییەکی جێگیر هەیە.

مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، لە دیداری دیالۆگی رافیدەین، وتی: تا ئێستا هیچ بەروار و کاتێک دیاریی نەکراوە بۆ دەرکردنی پارەی ئەلکترۆنیی لە عێراق  "بەڵام لە داهاتوودا کاردەکەین تا هاوشانی وڵاتانی ناوچەکە بڕۆین و کاری مامەڵە بە دراوی کاغەز کەم بکەینەوە".

سەبارەت بە لابردنی سفری دراوی عێراقییش وتی: "لابردنی سفری سەر دراوی عێراقیی، پێویستی بە دەرکردنی یاسا هەیە و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پرۆژە یاسایەک ئامادەکراوە لەو بوارەدا و پێشکەش بە حکومەتی پێشوو کراوە".

هەروەها وتیشی ئەو یاسایە پێویستی بە چاککردن و هەموارکردنەوە هەیە، چونکە لابردنی سفرەکان راستەوخۆ پەیوەندیی بە ئابوری و نرخی بازاڕەوە هەیە.

لەلایەکیترەوە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە دیدارەکەدا سەبارەت بە نرخی دۆلار وتی: "هیچ نیازێک نییە بۆ کەمکردنەوە یاخود گۆڕینى بەهاى دۆلار بەرانبەر دینار".  


AM:11:12:27/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو