بەریتانیا ئاسانکاری لە وەرگرتنی پەنابەراندا دەکات


وێستگەنیوز_

میدیای بەریتانیا ئاشکرایکردووە، لیز ترەس، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا بەنیازە سیستەمی وەرگرتنی پەنابەران لە وڵاتەکەی ئاسان بکات، ئەوەش بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووریی بەریتانیا.
 
ئەمرۆ یەکشەممە 25ـی ئەیلوولی 2022، میدیای زە لەندەن ئیکۆنۆمیک-ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، "لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە بریاریداوە سیستمی وەرگرتنی پەنابەران ئاسان بکات، ئەوەش وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی کەمی دەستی کار لەو وڵاتە و بەهێزکردنەوەی ئابووریی بەریتانیا."
 
ئاماژە بەوەشکراوە، "کارگە گەورەکانی بەریتانیا بە دەست کەمی ژمارەی کرێکاری بیانییەوە دەناڵێنن و داوایان لە سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا کردووە سیستمی پێدانی ڤیزەی کار بۆ هاوڵاتیی بیانی ئاسان بکات. تاوەکو لە کێشەی کەمیی کرێکاران دەربازیان بێت و بڕیاریشە هەر بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی نوێی بەریتانیا گۆڕانکاری لە سیستمی وەرگرتنی پەنابەراندا بکات."
 
ئەمە چەند جارێکە راپۆرتەکانی حکومەتی بەریتانیا دووپاتیدەکەنەوە کە رەنگە ئەو وڵاتە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەهۆی کەمی ژمارەی کرێکارەوە کێشەی لە چەند کەرتێكی گرنگی پیشەسازی بۆ دروست ببێت، بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری کە ژمارەیەکی زۆر لە هۆتێل و مۆتێلەکانی بەریتانیا چاویان لە کرێکاری بیانییە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ئەو کەرتە.
  
بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی رابردووی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2020دا 36٪ـی ئەو کرێکارانەی لە بەریتانیا کاریان کردووە، پەنابەر بوون یاخود بەمەبەستی کارکردن چوونەتە ئەو وڵاتە.  
 
بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە کاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی رابردوودا و لەکاتی بانگەشەی کۆنگرەی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، لیز ترەس رایگەیاند، "هەمان سیاسەتی حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن پەیڕەو دەکات بەوەی پەناخوارە نوێیەکان رەوانەی رواندا دەکات."
 


PM:01:56:25/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو