به‌م نزیكانه‌ پێشینه‌ی بانكه‌كانی عیراق هاووڵاتییانی هه‌رێمیش ده‌گرێته‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی ھەرێم رایگەیاند، ھەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتیمانیی ھەرێم بەرەو تەواوبوون دەڕوات و ساڵی نوێ بانکەکە دەکرێتەوە، ده‌شڵێت، "ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە ھەموو ئەو پێشینانەی بانکی عێراقی دەیانداتە ھاووڵاتییان".  

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هه‌رێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگه‌یاند: ھەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمانیی ھەرێم بەرەو کۆتایی دەچن و لە ھەرێمی کوردستان رێکارەکان کۆتایییان ھاتووە و تەنیا دانانی بەڕێوەبەر و ئەندامانی بانکەکە ماون، بەڵام رێکارە یاسایییەکان لە بەغدا ماون تەواو بکرێن، 

وتیشی: "پێشبینی دەکەم ساڵی نوێ بانکی نیشتمانی دەست بە کارەکانی بکات".  

باسی له‌وه‌شكرد: "دامەزراندنی بانکی نیشتمانی لەگەڵ بانکەکانی دیکە جیاوازییەکەی ئەوەیە بانکەکانی ئێستا بە یاسایی کارەکانیان بەڕێوە نابەن، خالێکی دیکەی بانکی نیشتمانی کە دەکرێتەوە لەھەمبەر جیھانی دەرەوەیە بۆ ئەنجامدانی کردارە بانکییەکان".  

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان روونی کردەوە، بانکی نیشتمانی ھەرێم دوای دامەزراندنی زۆر سوودی دەبێـت، لەوانەش ھەموو ئەو پێشینانەی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ساڵانە و مانگانە بە ھاووڵاتییان دەدرێت ھەرێمی کوردستانیش لێیان سوودمەند بێت، ھەروەھا چەندین سوودی دیکەی ھەیە بۆ بازاڕ و سیستەمی بانکی، چونکە بانکی نیشتمانی بە سیستەم کارەکانی بەڕێوە دەبات.  

  


AM:10:21:25/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت