باندێكی قاچاخچی كوردی هەرێم دەستگیركرا كە كۆچبەریان ناردووە بۆ بەریتانیا


وێستگەنیوز_

پۆلیسی فەرەنسا باندێکی قاچاخچی دەستگیرکرد کە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن و بە رێگەی قاچاخ و بە بەلەم خەڵکیان رەوانەی بەریتانیا کردووە.  

دوێنێ پێنچشەممە، 22ی ئەیلوولی 2022، پۆلیسی فەرەنسا ئاشکرایکرد، لە شاری لیلی باکووری فەرەنسا، باندێکی قاچاخچێتییان دەستگیر کردووە کە زۆربەی ئەندامانی ئەو گرووپە خەڵکی باشووری کوردستانن و بە بەلەم خەڵکیان بە قاچاخ رەوانەی بەریتانیا کردووە.  

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو باندە قاچاخچییە، دەستیانگرتووە بەسەر 700 ئێلەگی مەلەکردن و بنکەی سەرەکیی ئەو باندە لە شاری لیلی فەرەنسی بووە.  

لەو بارەیەوە، زایڤەر دێلرییۆ، سەرۆکی ئاژانسی ئۆکریستی فەرەنسی، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی کۆچبەران، بە میدیای فەرەنسی راگەیاندووە، باندەکە خەڵکیان لە کالییەوە بۆ نۆکەندی ئینگلیز گواستووەتەوە. هەروەها لە شاری لیل کەلوپەلی مەلەکردن و دەریایان بەسەر کۆچبەراندا دابەشکردووە پێش ئەوەی بە قاچاخ رەوانەی بەریتانیایان بکەن.  

ئاماژە بەوەش کراوە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، 19ی ئەیلوول باندەکەیان دەستگیرکردووە کە لە سێ هاوڵاتی باشووری کوردستان و سێ فەرەنسی پێکدێن.

ئەو باندە تۆمەتبار کراون بەوەی لە ماوەی سێ مانگی وەرزی هاویندا، 80 کاروانی کۆچبەری نایاساییان لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە و بە بەلەم بۆ بەریتانیا رەوانە کردووە. لەو ژمارەیەش 50 کاروانیان بە سەرکەتوویی گەیشتوونەتە شوێنی مەبەستی خۆیان. گومان دەکرێت بۆ هەر کاروانێکیش نزیکەی 80 هەزار دۆلاریان دەستکەوتبێت.  


PM:03:42:23/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت