ئەردۆغان: له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ ئەمریکا ده‌گه‌یه‌نینه‌ 100 ملیار دۆلار

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆك کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێكیدا لە ئێوارەخوانێكدا كە لە رێستۆرانتێكدا لەلایەن ئەنجومەنی بازرگانی توركیا-ئەمریكا سازکرا رایگەیاند، توركیا و ئەمریكا دوو وڵاتی دۆست، هاوپەیمان و هاوبەشی ستراتیجیین و پەیوەندییەكی قوڵیان هەیە.

ئەردۆغان راشیگەیاند: هاوکارییە فرەڕەهەندەکانی نێوان هەردوو وڵات بەشدارییەکی گەورەی کردووە لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا، ئەوەیشی خستەڕوو کە هەردوو وڵات بۆچوونی هاوشێوەیان هەیە لە زۆر پرس.

سەرۆك کۆمار ئەردۆغان وەبیری هێنایەوە کە ساڵی رابردوو لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە مەبەستی زیاترکردنی کۆدەنگی بیرۆکە و بەرژەوەندییەکان، بڕیاریان دا میکانیزمی ستراتیجیی تورکیا و ئەمریکا دابمەزرێنن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند: بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەمان کاتدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بەو میکانیزمەی کە لە مانگی نیساندا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدەن.

وتیشی: "ئابووری جیهان لە ساڵی 2020ەوە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، سەرەتا پەتای کۆرۆنا و دواتر جەنگی رووسیا و ئۆكراینا، كێشەی گەورەی لە هەموو بوارەكاندا و بەتایبەت لە بواری وزە و خۆراكدا دروست كرد".

- نموونەی ئابووریی تورکیا

ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو كە توركیا لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بە خێراترین گەشەی ئابووریدا تێپەڕیووە و ساڵی رابردوو، رێژەی گەشەسەندنی (ئابووری) لەسەدا 11 بووە.

وتیشی: "لە کاتێکدا ئابووری جیهان رووبەڕووی قەیرانی جددی دەبێتەوە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2022دا، گەشەمان بە رێژەی لەسەدا 7،5 و لە چارەکی دووەمی ساڵی 2022دا بە رێژەی لەسەدا 7،6 بووە. سەرەڕای بوونی قەیرانی پەتای کۆرۆنا، لەم ماوەیەشدا بۆ ماوەی پێنج چارەکە گەشەی هاوسەنگمان بەردەوام بوو و هەناردەکردنمان لەسەر بنەمای ساڵانە 250 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە".

ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە بە پێداگرییەوە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی بەرنامەی ئابووری، وتی: "ئابووری و بازرگانی یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا پێکدەهێنن. بەتایبەت لەم 10 ساڵەی دواییدا پێشکەوتنی گەورەمان لە رەهەندە ئابووری و بازرگانییەکانماندا بە بەدەستهێناوە".

- پەتای کۆرۆنا

ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی کە سەرەڕای بوونی قەیرانی پەتای کۆرۆنا، ساڵی رابردوو قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بە 28 ملیار دۆلار گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.

ئەردۆغان وتیشی: "قەبارەی بازرگانیمان لە هەشت مانگی ئەمساڵدا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، نزیكەی لەسەدا 30 زیادی كردووە و گەیشتووەتە 22 ملیار دۆلار. لە ئەگەری بەرەوپێشچوونی بەم جۆرە و پاراستنی ئەو پێداگیرییە، قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ ئەمریکا لە ماوەیەکی کەمدا دەگات بە 100 ملیار دۆلار".

سەرۆك کۆماری توركیا لە درێژەی قسەکانی دا وتی: "وەبەرهێنانی راستەوخۆ لە ئەمریکاوە بۆ تورکیا گەیشتووەتە 14 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار. وەبەرهێنانی کۆمپانیا تورکییەکان لە ئەمریکا گەیشتووەتە هەشت ملیار و 600 ملیۆن دۆلار. لە هەموو کەرتێکدا دەرفەتی بازرگانی هاوبەش و وەبەرهێنان لەنێوان تورکیا و ئەمریکادا هەیە. ئەمریکا بووەتە دووەم گەورەترین دابینکەری گازی سروشتیمان، هەروەها ئێمە بووینە شەشەم گەورەترین هاوردەکاری گازی سروشتیی شلکراوەی (LNG) ئەمریکی لە جیهاندا. دەمانەوێت لە قۆناغی داهاتوودا ئەو گازە زیاد بکەین کە لە ئەمریکاوە دەیکڕین. ئامادەیی هاریکارین بۆ گەیاندنی گازی سروشتیی شلکراوەی (LNG)ی ئەمریکی بە وڵاتانی ناوچەکە".


PM:01:24:22/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 1060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت