پزیشکی‌ داد ئەنجامی‌ پشکنینی‌ تەرمی‌ ژینا ئەمینی‌ بڵاودەکاتەوە

‌ژینا ئەمینی

وێستگه‌نیوزـ

بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی دادوەریی تاران رایگەیاند، تاقیکاری پزیشکان نیشانی داوە بە هیچ شێوەیەک ئاسەواری لێدان، شکیان یان شین بوونەوە لە سەر و چاو و لاشەی ژینا ئەمینی نەبینراوە.  

ئاژانسی هەواڵی مێهری‌ فەرمی‌ ئێران لەزاری‌ مەهدی فرووزش، بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی دادی تارانەوە گواستییەوە، "دۆزینەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانی خاتوو مەهسا ئەمینی پێویستی بە کاتی زیاترە بەڵام پشکنینی ڕواڵەتی تەرمی کۆچکردوو ئەمینی نیشان دەدات بە هیچ شێوەیەک لێنەدراوە و هیچ ئاسەوارێکی پێوە نییە".  

ئاژانسەکە باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئێران لیژنەیەکی‌ بۆ دۆزینەوەی راستییەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی مەهسا(ژینا) ئەمینی کچی 22 ساڵەی سەقزی لە تاران پێکهێناوە کە بەمزوانە راپۆرتی کۆتایی خۆی بڵاو دەکاتەوە.  

پێشتر رۆژنامەی‌ "همشهری‌" ئێران بڵاویکردەوە، بە فەرمانی سەردار رەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی گەورەی‌ تاران، عەقید میرزایی، بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی تاران تا لێکۆڵینەوەی ورد و تەواو لە رەهەندەکانی گیان لەدەستدانی‌  ژینا ئەمینی‌ دەکرێت لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.    

سەردار رەحیمی، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی‌: "لە بنکەی پۆلیسی ئەخلاقیدا هیچ شتێک بەناوی دەستبەسەرکردن نییە و هاوکارانی راوێژکار لە هۆڵێکدا قسە بۆ ئەو خانمانە دەکەن کە لە بەر جل و بەرگی بێ حیجاب بانگ کراونەتە بنکەکە و رێنوێنییان دەکەن کە دەبێ یاسای وڵات لەبەرچاو بگرن".    

وتیشی: "مەهسا ئەمینی لەگەڵ سێ کچ و دوو پیاودا لە پارکی تاڵەقانی لە تاران لە حاڵی پیاسە کردن بوون کە پۆلیسی ئەمنیەت ئەخلاقی چاوی پێیان دەکەوێت و پێیان دەڵێت کە دەبێ جلوبەرگیان بە گوێرەی یاسا رێکوپێک بکەن و بێ حیجاب نەبن".    

"سێ کەس لەو خانمانە هەر لەوێ جلەکانیان رێک دەکەن بەڵام مەهسا ئەمینی دەگواسترێتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئەمنییەتی ئەخلاقی تا بەشداریی پێبکرێت لە کۆرێکی فێرکاری حیجاب و پۆلیس دەڵێت یەکێک بروات و جلوبەرگی شیاو و لەبار بهێنێت بۆ خانمی ئەمینی و دوای فێرکاری یاسایی رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە".    

سەردار رەحیمی وتیشی‌: "پێنج خانمی دیکە و هاوکارێکی ئێمەش لەناو ئۆتۆمبێلی‌ پۆلیسدا بوون و ئەوانیش لەگەڵیا براونەتە بنکەی پۆلیس و پێش دەستپێکردنی خولی فێرکاری هەر بەو جۆرە کە لە ڤیدیۆکەدا دیارە، مەهسا ئەمینی پرسیارێکی لە خانمە هاوکارێکمان کردووە و لە کاتی قسە کردن لە گەڵ ئەودا حاڵی تێکدەچێت و پۆلیس بە پەلە گواستیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت و ئەهلی، بەهیچ شێوەیەک ئازاری مەهسا ئەمینی نەدراوە و دەبێ چاوەروانی راپۆرتی پۆلیسی دادوەری بین".    

رێکخراوی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ هەنگاو بڵاویکردەوە، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی سەقز کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13ی سێپتەمبەری 2022) لەلایەن هێزەکانی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووبووە دۆخی‌ بێهۆشی‌، نیوەڕۆی هەینی لە نەخۆشخانەی کەسرای شاری تاران بە هۆی قورسی برینەکانییەوە گیانی لە دەستدا.        

بنەماڵەی ئەمینی هەواڵی گیان لەدەستدانی کچەکەیان  پشتڕاست کردەوە.        

ژینا ئەمینی، لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران لەلایەن گەشتی ئێرشاد دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکراو گوازرایەوە بۆ زیندانی‌ وزەرای ئەو شارە.        

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکران دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە دوای گواستنەوە بۆ زیندان باری تەندروستی تێک دەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا.        

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان راگەیاندووە ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.     


PM:01:09:22/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت