عێراق.. دوو بەرپرسی پێشووی وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستی بە زیندانیکردن سزا دران


وێستگەنیوز-

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، دادگا دوو بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە زیندانیکردن سزادەدات و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆیان دەرکردووە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە21 ی ئەیلولی 2022 لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دادگای ناوەندیی تاوانەکان لە بەغدا کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەتی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادا و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد".
 
لە روونکردنەوەی دەستەی دەستپاکیی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، "تاوانەکەی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت بریتییە لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ دروستکردنی هۆتێلێک و شارێکی یاری لە زەوی دارستانێک لە بەغدا؛ ئەمەش سەرپێچیکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 50ی ساڵی 2016یە".
 
دەستەکە هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات: "دادگای کەتنەکان لە حیللـە [پارێزگای بابل] کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتری تەندروستیی پارێزگای بابلی بە زیندانیکردن سزا دا و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، ئەوەش بەهۆی بەکرێدانی کافتریای نەخۆشخانەی ئیمام سادق بە کرێیەکی کەمتر لە کرێ راستەقینەکەی".
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق روونیشیکردەوە: "هەردوو دادگاکە بەپێی ماددەی 331ی یاسای سزاکانی عێراق ئەو دوو تاوانبارەیان سزا دا".
 
لە دەقی ماددەی 331ی یاسای سزاکانی عێراقدا هاتووە، "هەر فەرمانبەرێک یان هەر کارمەندێکی کەرتی گشتی، ئەگەر بە مەبەست سەرپێچی ئەرکەکانی پۆستەکەی بکات بۆ سوودگەیاندن یان زیانگەیاندن بە کەسێک ئەوا بە زیندانیکردن یان پێبژاردن یان بە هەردوو سزاکە سزا دەدرێت."


PM:01:34:21/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت