عێراق لە پلەی 11هەمین وڵاتدایە لە هەرزانیی نرخی بەنزیندا

‌دیمەنی بەنزینخانەیەک

وێستگەنیوز-

ماڵپەڕی global petrol prices، کە تایبەتە بە نرخی سوتەمەنی و کارەبا، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند عێراق لە پلەی 11هەمین وڵاتانی جیهان و چوارهەمین وڵاتانی عەرەبیدا دێت، لە هەرزانیی نرخی بەنزیندا. راۆپرتەکە هەرێمی کوردستانی جیانەکردۆتەوە لە عێراق، کە نرخی سوتەمەنیی تیایدا جیاوازە لە ناوچەکانی تری عێراق.

ئەو ماڵپەڕە لە راپۆرتی ئەم مانگەیدا، ئەیلول، رایگەیاند: "لەنێوان 169 وڵاتدا عێراق لە پلەی 11هەمین وڵاتدا دێت، کە نرخی بەنزین تیایدا 51 سەنتە بە دۆلار، (نزیکەی 750 دیناری عێراقی) بۆ یەک لیتر. لەکاتێکدا لە پلەی چوارەمدا دێت لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیی دوای: لیبیا، جەزائیر و کوێت.

جێگای ئاماژەیە ئوردون لە گرانترین وڵاتانی عەرەبیدا دێ بۆ نرخی بەنزین، کە یەک لیتر بە دۆلارێک و 735 سەنتە بە دۆلار.

لە راپۆرتەکەدا فەنزویلا بە پلەی یەکەم دێت لە هەرزانیی نرخی بەنزیندا، کە یەک لیتر بە 22 سەنتە و لیبیا 30 سەنتە.

گرانترین وڵاتیش لە نرخی بەنزیندا، هۆنگ کۆنگ دێت کە یەک لیتر بە نزیکەی 3 دۆلارە.

بەپێی راپۆرتەکە، نرخی بەنزین پەیوەندیی بە پاڵپشتی حکومەتەکان و بڕی باجەوە هەیە، چونکە هەموو وڵاتان نەوت بەیەک نرخ دەکڕن.

جێگای ئاماژەیە هەرێمی کوردستان بەدەرە لەو ریزبەندییە وەک هەرێمێک، کە نرخی سووتەمەنیی تیایدا جیاوازە لە عێراق.


PM:12:07:21/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 2432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت