مستەفا کازمی و ئیبراهیم رەئیسی لە ئەمریکا کۆبووەوە


وێستگەنیوز_

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران كۆبووه‌وه‌ و پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کاری هاوبەش بابەتی کۆبوونەوەکەیان بوو.

شەوی رابردوو نوسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەمرۆ سێشەممە، مستەفا کازمی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، کۆبووەوە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا تاوتوێی په‌ره‌پێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان و دیارترین پرسە ناوچەییەکان کردووه‌ کە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی تێدایە."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نوسینگەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، "لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە رۆڵی دیار و بەرچاوی عێراق كرا لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە، لە رێگەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتان لەسەر بنەمای سیاسەتی دیالۆگ و هێوربوونەوە و یەكگرتنی بۆچوونەكان، بەمەبەستی بەدیهێنانی چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەكەدا."

هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوونی هاریكاری دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا کردەوە. بەتایبەتی ئابووری، ئەمنی، كەلتوری و وزە، هەروەها هەماهەنگیی بەرز بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، و خێراكردنی كاركردن لەسەر ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئەنجامدراوە لەسەر چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانكارییه‌كانی کەشوهەوا.

له‌ كۆتاییدا، "سه‌رۆك كۆماری ئێران پشتیوانی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیری عێراق دووپاتکردەوە و ستایشی دەستپێشخەری كازمی کرد بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەکان."


AM:10:17:21/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت