ناوەڕۆکی وتاری ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دوای دەستپێکردنی لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

‌ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وێستگەنیوز-
 
كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ نیویۆرك ده‌ستیپێكرد و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەبارەی دۆخی جیهان و بەردەوامی قەیرانەکان رایگەیاند، قەیرانەکان لە زیادبوندان و چارەسەرکردنیان ئاسان نیە، هەروەها بەردەوامی کێشە سیاسییەکانی عێراقیش دۆخەکە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات.


لە 77هەمین کۆبونەوەی لوتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان  کە بە بەشداری سه‌رۆك و رێبه‌رانی زیاتر له‌ 130 وڵات بەڕێوەدەچێت، دۆسییەکانی جەنگ، ئاوارەکان، قەیرانی خۆراک، برسیەتی، قەیرانی وزە، گۆڕانی کەشوا و چەند دۆسییەکی دیکەی جیهانی تاوتوێ دەکرێن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، "نەبونی دیالۆگ جیهان بەرەو قۆناغێکی دیکەی سەخت دەبات، لەکاتێکدا قەیرانەکان لە زیادبوندان و چارەسەرکردنیان ئاسان نیە، دابەشبونی زیاتری جیۆپۆلەتیکیش لە بەرژوەندی دیموکراسی و وڵاتاندا نیە.

وتیشی، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەجۆرێکن خەریکە لە هەندێک شوێن ژیان نامێنێت، بۆیە دەبێت هەوڵبدرێت رێگری لە بڕینەوەی درەخت و تێکدانی سروشت بکرێت، بەتایبەت کە لەئێستادا مامەڵەیەکی زۆر خراپ لەگەڵ ژینگەدا دەکرێت.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت، دەبێت هەموان لە هەوڵی کەمکردنەوەی هەژاری و برسییەتیدا بن، هەروەها بەهۆی ئەوەی گرانبونی سوتەمەنی لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیاوەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی داهاتو قەیرانی سوتەمەنی زیاتر دروست ببێت.

باسی لەوەشکرد، تاوەکو دێت نایەکسانی لە جیهاندا زیاتر دەبێت.

لەبارەی دۆخی عێراقیش گۆتێرێس وتی، "باوەڕمان وایە کێشە سیاسییەکانی عێراق دۆخەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبەن".

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیش قسەی کرد و وتی، رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئێران هێشتا بە دوور دەزانێت.


PM:06:14:20/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو