نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان


وێستگەنیوز-

نرخی نەوت بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ لە رۆژی رابردوو کەمێک بەرزبووەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە لە دابەزیندایە.

 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 91 دۆلار و هەشت سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەگەر لەسەر ئاستی هەفتەش هەژمار بکرێت، بەراورد بە هەفتەی رابردوو، نرخی نەوت 1.9%ـی نرخەکەی لەدەستداوە.
 
هاوت نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 85 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت کە هەشت سەنت بەرزبووەتەوە.
 
دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی ترسە لە سستبوونی ئابووریی جیهان و کەمبوونەوەی خواست لەسەری.
 
نرخی نەوت لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە ئاراستەکەی بەرەو دابەزینە، هەرچەندە رۆژی چوارشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕ کەمێک بەرزببووەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە دەستپێکردنی مامەڵەکان ئاراستەی نرخی نەوت گۆڕدرا و، جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کردەوە.
 
دابەزینی نرخی نەوت لەم هەفتەیەدا دوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا هات کە بووە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران و بازرگانان چاوەڕوانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەیەکی بەرچاو لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بکەن.
 
بازرگانان پێیانوایە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگە رێژەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.75٪ـی دیکە بەرزدەکاتەوە ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا رووبدات و بەوپێیەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.
 


AM:08:58:16/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت