قوباد تاڵەبانی: بەشێکی زۆری ئەو کارانەی لە نەخشەدانان و شارەوانی وەستێندرابوون پەسەندکراون


وێستگەنیوز_

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی ئەنجامدا. پێیان راگەیاندم کە بەشێكی زۆری ئەو کارەی لە نەخشەدانان و شارەوانی وەستێندرابوون، پەسەندکراون و تێپەربوون."

ئەمرۆ یەکشەممە 11ـی ئەیلوولی 2022، قوباد تاڵەبانی سەردانی وێستگەنیوزی کرد و لە نزیکەوە 'پیرۆزبایی' خۆی ئاراستەی ستافی دەزگاکە کرد بە بۆنەی یادی حەوت ساڵەی دامەزراندنییەوە.

لە میانەی سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکی تایبەتیدا سەبارەت بۆ کۆبوونەوەی ئەمرۆی لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی ئەنجامدا. ئەگەر ئاگاداربن کۆبوونەوەیەکم کرد لەگەڵ بەشێكی زۆری ئەو بەرێوەبەرایەتییانەی کە پەیوەندیدارن بە پرۆژەوە. نیگەرانی خۆم و هاوڵاتییانم پێگەیاندن کە پرۆسەی پەسەندکردنی پرۆژە زۆر خاوە لە سلێمانی."

ئاماژەی بەوەشکرد، "داوام لێکردن کە کارەکانییان توندوتۆڵ بکەنەوە، ئەو پرۆژانەی وەستاون بەگەڕیان بخەنەوە و کاتێکم بۆ دیاریکردبوون کە ئیشەکانییان بکەن."

ئاشکراشیکرد، "ئەمرۆ لە کۆبوونەوەکەدا پێیان راگەیاندم کە بەشێكی زۆری ئەو کارەی لە نەخشەدانان و شارەوانی وەستێندرابوون، تێپەڕێندران پەسەندکراون و تێپەربوون."

هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران وتی، "پێشبینی دەکەم زیاتر لە 50 پرۆژە بەرەو مۆڵەت دەچن. ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە بۆ ئەو بەرێوەبەرایەتییانە، و پشت بە خوا دەبێتە دەستکەوتێک بۆ سلێمانی."


PM:04:47:11/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت