ڤیدیۆ.. یادی حەوت ساڵەی دامەزراندنی وێستگەنیوز
وێستگەنیوز_
پەیامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی وێستگەنیوز لە یادی حەوت ساڵەی دامەزراندنیدا:
ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێپەڕی بەسەر دامەزراندنی وێستگەنیوز ئەم حەوت ساڵە لە هەرێم و عێراق، پڕ بوو لە رووداوی گەورە و قەیرانی ئابوری و سیاسی و ململانیی توندی لایەنە سیاسییەکان.
لەم دۆخەدا، وێستگەنیوز توانیی بە ئاستێکی بەرز و پیشەییانە، مامەڵە لەگەڵ دۆخەکاندا بکات و نەکەوێتە هیچ سەنگەرێکی سیاسیی و ئابورییەوە، کە ئێستا زۆرینەی هەرە زۆری میدیا لە هەرێمی کوردستان و میدیاکار بوون بە ناوەندێک بۆ پروپاگەندە بۆ چەند کەسایەتییەک.
لەناو هەموو ئەم قەیرانانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بۆ نموونە لە بابەتی ریفراندۆمدا، لەنێوان هەردوو بەرەی بەڵێ و نەخێردا، وێستگەنیوز بە مەبەستی خستنەڕووی رای جیاواز، بێ لایەنانە وتار و کەمپینی هەردوولای بڵاودەکردەوە.
هەروەها لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، 16ی ئۆکتۆبەر، تەنانەت لە ململانێ ناوخۆییەکانی خودی حزبەکاندا، وەک رووداوی 8ی تەموز، وێستگەنیوز پیشەییانە سەرنج و رای هەردوو لایەنەکەی بڵاودەکردەوە.
ئەم حەوت ساڵە، پڕ لە کێشە و ئاڵنگاریی بوو. وێستگەنیوز توانی پیشەیی بوون، مۆرالی ئیشی بێت و لەنێوان رووداو و قەیرانەکاندا، بەرپرسیارێتیی گەیاندن و هەواڵی راست هەڵبژێرێت، ئەگەرچی زۆرجار رووبەڕووی ئاستەنگ، زیندانیکردن، لێدان و بردنی کەلوپەلە رۆژنامەییەکانمان بوینەوە، بەڵام وێستگە بێلایەنیی خۆی لەدەست نەدا. هەموو ئەمانەش وای نەکرد ئێمە پەرچەکردارمان هەبیت لەگەڵ رووداوەکاندا و سەنگەر هەڵبژێرین، یاخود سەنگەر لەلایەنێک بگرین.
بەرپرسیارێتی گەیاندنی هەواڵی راست، پانتاییە گرنگەکەی کارکردنە لەلامان، نەوەک بەدەستهێنانی زۆرینەی خوێنەری هەواڵ لەسەر حسابی بێ بنەما، چونکە متمانەی ئێوە بە وێستگە، ئەرکی ئێمەی بەرپرسیارانەتر کرد و ئیوە پێتان وتین لەنێوان رووداو و زانیاری وهاوسەنگیدا، ئێمە وێستگە راستەقینەکەین.
لەکاتێکدا ئێمە یادی حەوت ساڵەی وێستگە دەکەینەوە، بە قەیرانی داراییدا تێدەپەڕین، ئەگەر ئەم قەیرانە داراییە درێژە بکێشێت، ئەوا وێستگە وەک مینبەرێکی سەربەخۆ رووبەڕووی ئاستەنگی دارایی دەبێتەوە، ئەگەرچی وێستگەنیوز لە کاری میدیایی و پیشەیی خۆی بەردەوامە و هەوڵی نەداوە ئەو متمانەیە بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی سەرمایە. ئەمەش لەکاتێکدا حکومەت هیچ مەرجێکی دانەناوە بۆئەوەی کۆمپانیاکان ناچاربکات رێژەیەک لە قازانجی خۆیان تەرخان بکەن بۆ پشتگیریی پرۆژەی رۆشنبیریی و میدیایی لە رێگای پێدانی ریکلامەوە.
وێستگەنیوزیش لەو میدیایانە نییە پەڵپ بە کۆمپانییاکان بگرێت لە رێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و فەیکەوە سەرمایە کۆبکاتەوەو بەتەنگ پێ هەڵچنین پارە لە کۆمپانیاکان وەرگرێت. هەربۆیە لەم یادەدا ئێمە ئەوەندەی لە تواناماندا بێت، هەوڵدەدەین پیشەییانە کاری خۆمان بکەین.
لەم یادەدا دەستی ماندوونەبوونی هەموو ئەوانە دەگوشین، کە رۆژانە هەموو کاتی خۆیان بۆ بەڕێوەبردن و بەردەوامبوونی وێستگەنیوز تەرخانکردووە و ئەوانەشی پشتگیری بەردەوامیی کارەکانمان بوون، سوپاس بۆ ماندوبونتان لەگەڵمان.
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی وێستگەنیوز
١٠-٩-٢٠٢٢
PM:12:17:11/09/2022
ئهم بابهته 2396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت