ئاسایشی سلێمانی: پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بە ڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زارەوە کردووە دەستگیرکراون


وێستگەنیوز-

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بەبڕیاری دادوەر پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە دەستگیرکراون.


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 19 ی ئابی 2022 بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەک بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن ھێزەکانمان بە ھەماھەنگی لەگەل ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیرکردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە”.

‎لە راگەیەندراوەکەدا ئاسایشی سلێمانی ئاماژەبەوەدەکات، ئەو کەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارهێناوە.

بە وتەی ئاسایشی سلێمانی، "ئەو کەسانە لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵکی تریان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردووە، بەکرێگیراوبوون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا ئەو کارانەیان ئەنجامداوە".


PM:04:58:19/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو