ژنه بەندکراوێكی سیاسی کورد هەوڵی خۆکوشتنی دا و منداڵه دوو مانگانه‌كه‌شی ده‌رمانخوارد كرد
سوعدا خەدیرزادە
وێستگه‌نیوزـ
ژنه به‌ندكراوێكی سیاسی كورد له به‌ندیخانه له رێگه‌ی خۆ هه‌ڵواسینه‌وه هه‌وڵی خۆكوشتنی دا و منداڵه دوو مانگانه‌كه‌شی ده‌رمانخوارد كرد.
رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه: به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 18ی ئابی 2022، سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسی کورد دوو رۆژ دوای بانگ کرانی لەلایەن بەرپرسە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ئورمیەوە لە بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە خۆی هەڵواسیوە و منداڵە دوو مانگانەکەشی دەرمان خوارد کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوە بەندیخانەی ئورمیەوە رایگه‌یاندووه: "بەندکراوانی بەندی ژنان توانیویانە لەچکەکە لە ملی سوعدا دەربهێنن، بەڵام باری تەندروستی خۆی و منداڵەکەی ناجێگیرە و هەر دوویان رەوانەی بێهداری بەندیخانە کراون و تەندروستییان لە مەترسیدایە".
سوعدا خەدیرزادە، دوای ئەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە کە دوو رۆژ پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە و هەروەها پاراستنی زانیاریی بەندیخانەی ئورمیە بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە کە دەبێت کەناڵی پەیوەندی بەندی ژنان لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەوان بناسێنێت.
سوعدا خەدیرزادە تەمەن 32 ساڵ و خەڵکی پیرانشار رۆژی پێنجشەممە 14ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر كرا و بۆ ئورمیە گوازرایەوە.
رێكخراوی هه‌نگاو باسی له‌وه‌شكردووه: سوعاد خه‌دیرزاده دوای 25 رۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان راگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون و دوای منداڵبوونیش بێبەش کراوە.
ئه‌وه‌شی وتووه: ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای هه‌شت مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نەشتەرگەریی سزاریەن رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئێوارەی هەمان رۆژ و بەبێ ئەوەی تەندروستی بە دەست بهێنێتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە و لە دۆخێکی نالەباردا راگیراوە.
PM:01:36:18/08/2022
ئه‌م بابه‌ته 3788
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت