محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: هیوایەکی زۆرمان به‌ ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی هەیە

‌مەسعود بارزانی و محەمەدی حاجی مەحمود

وێستگه‌نیوزـ

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "هیوایەکی زۆرمان هەیە یادی دامه‌زراندنی پارتی ببێتە هاندەر بۆ  یەکخستنی ماڵی کوردستانی و پێکەوە ژیانی سیاسی".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "بە بۆنەی 76 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە سه‌رۆك بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و دۆست و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین".

ده‌شڵێت: "هێشتا تەپوتۆزی شەڕی دووەمی جیهانی نەنیشتبوە لە دابەشکردنەوەی دنیا لە دوای روخاندنی ئەمپراتۆریەتەکان، ئەو سەردەمەش زوڵم و غەدر لە کورد کرا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستا وەک حزبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دامەزراو ئەلفوبای سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان ئاشناکرد و ئومێدێکی زۆری بە خەڵکی کوردستان بەخشی و بەردی بناغەی شۆڕش و کوردایەتی لەسەر دامەزرا".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "ئەمڕۆش ئەو یادە پیرۆزە دەکرێتەوە لە ژێر ئاڵای کوردستاندا، حکومەت و پەرلەمان و قەوارەی سیاسی هەرێم لە هەموکاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی ماڵی کوردستانی و یەک هەڵوێستی سیاسی هەموو هێزەکان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و نیشتیمان، ئەوەش هیمەت و ئەرکی گەورەی لەسەر بەڕێزتانە وەک هەمیشە، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و ئاڵۆزیەکانی بەغداد ئەوەمان لێ داوا دەکات".

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت: "هیوایەکی زۆرمان هەیە ئەو یادە مێژویە ببێتە هاندەرێ بۆ  یەکخستنی ماڵی کوردستانی و پیکەوە ژیانی سیاسی".

له‌ 16ی ئابی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، سه‌ره‌تا ناوی "پارتی دیموكراتی كورد" بوو، دواتر له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا له‌ شاری كه‌ركوك بڕیاردرا ناوی بكرێته‌ "پارتی دیموكراتی كوردستان". یەکەم سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی بوو، دواتر مەسعود بارزانی بووەتە دووەم سەرۆکی ئەو حزبە.

پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە 13 کۆنگرەی بەستووە و دوایین کۆنگرەیشی ساڵی 2010 بوو لە هەولێر، بڕیارە ئەمساڵیش لە دهۆک کۆنگرەی 14یەمی ببەستێت.
 
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆی 111 کورسی 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا. لە دوایین هەڵبژاردنی عێراقیش 31 کورسی بەدەستهێنا.


PM:12:42:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو