قه‌یس خەزعەلی بۆ لایه‌نه‌ شیعه‌كان: هه‌موومان براین و دوژمنمان یه‌كه‌

‌قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق

وێستگه‌نیوزـ

ئەمینداری گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا دەکات لایەنە شیعەکان دەستبەرداری دژایەتیکردنی یەکدی ببن و دەڵێت، "هەموومان براین و دووژمنمان یەکە، زیادکردنی گرژییەکان و قەیران خزمەت بە بەرژەوەندیی دووژمنی هاوبەش دەکات کە لە دەوروبەرماندایە،" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی دووژمنەکە بکات.

 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق لە راگەیه‌ندراوێکدا لەبارەی گرژییەکانی ئەمدواییەی نێوان لایەنە شیعەکان، بەتایبەت هێرشکردنە سەر پەرلەمانتار باسم خەشان، کە سەرایا سەلامی باڵی سەربازیی رەوتی سەدری پێ تۆمەتبار کرد و دواتریش سەرایا سەلام بڕیاری سکاڵاکردنی لەسەر خەشان دا، رایگەیاند، "بە راستگۆیی و بە رژدبوونەوە داواتان لێدەکەم خێرا دەست لە یەکدی تۆمەتبارکردن و زیادکردنی ئاستی گرژییەکان و قسە بۆ یەکدی هەڵبەستن هەڵبگرن، ئێمە برای یەکین و دووژمنمان یەکە، زیادکردنی ئاستی گرژییەکان و پشێوی و قەیران خزمەتی بەرژەوەندیی ئەو دووژمنە هاوبەشەمان دەکات کە لە دەوروبەرماندا تەماشامان دەکات".
 
ئاماژەی بەوە کردووە: "بەڵێ مافی خۆتانە بەرگری لە خۆتان بکەن و گومانەکان لە خۆتان دووربخەنەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هێرش بکەنە سەر ئەوانی دیکە یان لە دژیان قسە بکەن".
 
لە کۆتایی راگەیه‌ندراوەکەیدا، قه‌یس خه‌زعه‌لی، کە یەکێکە لە سه‌ركرده‌كانی ناو چوارچێوەی هه‌ماهەنگی و یەکێکە لەو لایەنانەی زۆرترین ناکۆکییان لەگەڵ رەوتی سەدر هەیە بە ئایەتێک کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێت کە باس لەوە دەکات "شەیتان" لەنێوان مرۆڤەکان کێشە و دووژمنایەتی دروستدەکات.

دوای 10 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعەکان رێگرە لە پێکهێنانی کابینەی حکومەت، ماوەی دوو هەفتەیە سەدرییەکان چوونەتە نێو پەرلەمانی عێراق و رێگە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نادەن حکومەت دروستبکات و ئەوانیش لەبەردەم ناوچەی سەوز دەستیان بە مانگرتن و خۆپێشاندان کردووە و دەڵێن، بەرگری لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و رەوایەتی دەکەن.


PM:09:04:15/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو