قوباد تاڵەبانی: نەوت و گاز هەمیشەیی نییە و لە ئایندەدا پێویستمان بە داهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت


وێستگەنیوز_

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لە مەڕاسیمی بەخشینی بڕوانامەى رێزلێنان بەبەشداربووانی فیستڤاڵی تێک فێست رایگەیاند: "نەوت و گاز هەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت."

لەمەڕاسیمەکەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە 8ـی ئابی 2022، لە سلێمانی بەرێوەچوو و لەلایەن رێکخراوی پەرەپێدانی بیری نوێ وبەشی گەنجانی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران رێکخرابوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "کاتێ باسی داهێنانی تەکنەلۆژیا دەکەین بیرمان دەچێ بەلاى وڵاتە پێشکەوتوەکان، بەڵام ئێوە ئەوەتان رەتکردۆتەوە و سەلماندووتانە کەگەنجەکانی خۆمان، کوڕان و کچانی کوردستان دەتوانن داهێنەربن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەرفەتێکمان بۆ رەخساوە کە ببینە ناوەندێک بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکە، چونکە کۆمەڵگایەکی گەنج و توانایەکی مرۆیی بەهێزمان هەیە و بەلاى کەمەوە دەتوانین ببینە ناوەندێک بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران جەختی کردەوە کە بازارى کوردستان بازارێکی فراوانە و دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەستدایە، چونکە تەکنەلۆژیا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی ئابورییەکی بەهێز لەکوردستان، دەشڵێت، "بۆ ئەمەش هاوکارتان دەبین و هانی کۆمپانیا گەورەکان دەدەین تا پشتیوانتان بن."

جێگری سەرۆک وەزیران بەبەشداربوانی تێک فێستى راگەیاند: "داهێنانەکانتان رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لەبەهێزکردنی کەرتى تایبەت و زیادکردنی هەلى کار چونکە دەزانین نەوت و گاز هەمیشەیی نیە و رەنگە لەئایندەدا نەمێنێت ئەوکات زیاتر پێویستمان بەداهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێت."

هاوکات ئاماژەى بەکاریگەریی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و ژینگە کرد و وتی: "کاتێ کەدەڵێین دەمانەوێ کوردستان سەوز بکەینەوە خۆمان لەبەردەم تەحەددایەکی گەورەدا دەبینینەوە کە وشکەساڵییە و دەشزانین کەناتوانین بەسیاسەتی کۆن تێى پەڕێنین و پێویستمان بەداهێنانە لەبواری ئاودێرى و بیرۆکەی نوێ بەپشتیوانی تەکنەلۆژیا."

لەکۆتایی وتەکانیدا قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران دووپاتی کردەوە کە، "دەکرێ سەرەڕم بن بۆ رووبەرووبونەوەى رکابەرییەکان و چارەسەرى ئەو بۆشاییانەى ئەمرۆ هەن لەبەرێوەبردن و سستمی موچە و دابەشکردنی، لەوبارەیەوە پشتیوانی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە و پێی راگەیاندن؛ بەهیوام ساڵ لەدواى ساڵ داهێنانتان زیاتر بێت تا ببێتە پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ سلێمانی و لەئایندەشدا ببێت بەفێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی."


PM:08:21:11/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو