کازمی: بەداخەوە لە 28 مانگی ئەم حکومەتە تەنها شەش مانگ بوودجەی گشتی هەبووە


وێستگەنیوز_

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەداخەوە لە تەمەنی ئەم حکومەتەدا کە 28 مانگە، تەنھا شەش مانگ بودجەی گشتیی ھەبووە، لەکاتێکدا چۆن دەوڵەت بەبێ بودجە دەتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. دەشڵێت، "ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەی خراپیان لەسەر رەوشی خزمەتگوزاری ھەیە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا کازمی رایگەیاندووە، ئەو دەستپێشخەرییەی کە لە ماوەکانی رابردوودا پێشکەشی کردبوو، لەلایەن زۆربەی لایەنە سیاسییەکانەوە پاڵپشتی لێکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستاش کاردەکەین بۆ رەخساندنی دەرفەتێک بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، چونکە ھەزار ساڵ گفتوگۆکردن باشترە لە ساتێک کە تیایدا رووبەڕوونەوە لەنێوان عێراقییەکاندا رووبدات".

جەختیش دەکاتەوە لەوەی، "ئێمە پێکەوە لەم حکومەتەدا بە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری گەورەی ئابووریی، ئەمنیی، سیاسیی و تەندروستی دەستمان بەئەرکەکانمان کرد، ئەو بەرەنگارییەمان قبوڵ کرد و نزیکەی دوو ساڵ و شەس مانگە ھێشتا لە ھەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزدا کار لەسەر تێپەڕاندنی ھەموو ئاستەنگەکان دەکەین".

سەرۆک وەزیرانی باسی لەوەشکردووە، عێراق لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردنەکانەوە، بەرەوڕووی کێشەی سیاسیی راستەقینە بووەتەوە و ئێستا پێویستی بە چارەسەر ھەیە، چارەسەرەکەش پێویستی بە گفتوگۆ، ژیریی و قوربانییدانە، ھەروەھا پێویستە سەرکردە سیاسییەکان قوربانی لە پێناو نیشتمان و گەل بدەن.

دەشڵێت، ئەو بەرەنگارییانەی کە بەرەوڕوی بووەتەوە، رەنگدانەوەی لەسەر ئەدای حکومەت و سەرجەم دامەرزاوەکانی دەوڵەت ھەیە.

کازمی لەبارەی نەبوونی بودجەوە دەڵێت، ئێستا مانگی ھەشتی 2022وە، ھێشتا بودجە نییە، کێشەکەش لە حکومەت نییە، بەڵکو ھۆکارەکەی رەوشی سیاسیی ئێستایە، ئەگەر بودجە، تەوافوقی سیاسیی لەسەر پێکھێنانی حکومەت و چارەسەرێک بۆ چەقبەستووە سیاسییەکەی ئێستا نەدۆزرێتەوە؟ چۆن دەوڵەت دەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات.

جەختی لەوەشکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پرسی نەبوونی بودجە، کارێکی زۆر مەترسیدارە و لە کاتێکدا عێراق دارایی باشی ھەیە و پێویستیان بەوەیە وەبەرھێنانی پێ بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و بەدیھێنانی داواکاری گەل، چونکە عێراقییەکان شایەنی باشترینن، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەی خراپیان لەسەر رەوشی خزمەتگوزاری ھەیە و لەبەر ئەوە داوا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات، بۆ چارەسەرکردنی رەوشەکە دەست بە گفتوگۆی جیددی بکەن.




PM:04:57:11/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو