کۆمپانیای دانەغازی ئیماڕاتی: بەهۆی هەرێمی کوردستانەوە ٪82 ی قازانجمان زیادیکردووە


وێستگه‌نیوزـ

کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی رایگەیاند، قازانجەکانی بە رێژەی ٪82 زیادی کردووە و هۆکارەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان گێڕایەوە.


کۆمپانیای دانە غازی ئیماڕاتی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، قازانجەکانی کۆمپانیاکەی بە رێژەی ٪82 زیادی کردووە، بە شێوەیەک لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 111 ملیار دۆلار.

ئاماژەی بەوەشدا، گەشەسەندی قازانجەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز و پابەندبوونی بەردەوام لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان بووە، "لەگەڵیدا ئاستی بەهێزی هەرێم لە کارکردن لەسەر ئەرکەکانی".

کۆمپانیاکە ئەوەشی خستەروو، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 180 ملیۆن دۆلاری پێگەیشتووە، 45 ملیۆن دۆلار لە میسرەوە و 135 ملیۆن دۆلار لە هەرێمەوە.

باسی لەوەشکرد، سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە ئەمنیانەی روبەڕووی کۆمپانیاکە بووەوە، نەبووە هۆکاری پچڕانی کارکردن لە هەرێم، ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێم بە رێژەی لە ٪1 زیادیکردووە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ و دەشڵێت، "پێشکەوتنێکی باش بەدیکراوە لە فروانکردنی پڕۆژەکان و پەرەپێدانی بنکەکانی دەرهێنانی گاز لە کورمۆر."

ئەوەشی خستەروو، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، یەکەم بیری پەرەپێدراوی پڕۆژەکە هەڵکەندراوە و پەرە بە هەنگاوەکانی دیکەیان بۆ کارکردنەکانیان دەدەن بۆ هەڵکەندنی بیری دووەم.

دانەغاز کۆمپانیایەکی تایبەتی بەرهەمهێنانی غازی سروشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کانونی یەکەمی ساڵی 2005 دامەزراوە، کۆمپانیایەکی کاروباری بەرهەمهێنانە لە میسڕ و هەرێمی کوردستان و عێراق و ئیمارات.


PM:12:37:11/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت