شه‌پۆلێكی گه‌رمای به‌تین هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌


وێستگە نیوزـ

بەگوێرەی پێشبینییەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و سبەینێ ئاسمان لە زۆرینەی ناوچەكان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور هاوكات كه‌شناسێكی كوردیش باس له‌ هاتنی شه‌پۆلێكی گه‌رمای به‌ تین ده‌كات له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا.


بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە پێشبینی بۆ كەش و هەوای ئەمڕۆ، رایگەیاند ئاسمان بەشێوەیەکی گشتیی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ساماڵ دەبێت.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: بەرزترین پلەکانی گەرمای ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌م جۆره‌ن، هەولێر: 42، سلێمانی: 41، دهۆک: 40، کەرکوک: 44، زاخۆ: 42، هەڵەبجە: 43، سۆران: 41، راپەرین: 41، گەرمیان: 46

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی له‌ هه‌رێم له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد: لە ئەنجامی چالاکبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ھیندی بۆ سەر هەرێم لەسەرەتای ھەفتەی ئایندەوە رۆژی شەممە 13ی ئابی 2022 بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکاتەوە.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: پله‌كانی گه‌رما بەرێژەی دوو تا چوار پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە و لوتکەی گەرماکەش دەکەوێتە نێوان 16 بۆ 18ی ئەم مانگە کە لەم مەودایە رادەی شێ بەرز دەبێتەوە و لەھەوادا پەڵە ھەوریش دەردەکەوێت.

ئاراس جه‌بار، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: بەرزترین پلەی گەرمی لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێمدا بەم شێوەیە لەم مەودایەدا بەرز دەبێتەوە:

ھەولێر لەنێوان 45 بۆ 46 پلە

سلێمانی 44 بۆ 45 پلە
 
دھۆک 44 بۆ 45 پلە

کەرکوک 46 بۆ 47 پلە

ھەڵەبجە 45 بۆ 46 پلە

لەناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان 49 بۆ 50 پلە دەبێت.

ئاراس جەبار دەڵێت: "دوابەدوای ئەوەش لە مەودای 19 بۆ 25ی مانگ کەمێک کاریگەری ئەم گەرمایە بەرێژەی دوو پلە کەمدەبێتەوە" .

ئەو كەشناسی باسیلەوەشكردووە، بەگشتی ئەم شەپۆلە گەرمیە ئەگەر ھەیە کۆتا گەرمای بەتیینی ھاوینی ئەمساڵ بێت و لەماوەکانی دواتردا پێشبینی ناکرێت پلەکانی گەرما بەم رادەیە بەرزببنەوە و کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی گەرمی کەم دەبێتەوە لەسەر ناوچەکانی ھەرێم.

 


AM:11:00:11/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 6912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو