نرخی نه‌شته‌رگه‌ری له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان دیاری ده‌كرێت


وێستگه‌نیوزـ

بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ئێستادا بە چەند قۆناغێک دەستکراوە بە دیاریکردن و رێکخستنەوەی نرخەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان و لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی سەرجەم نەشتەرگەرییەکان بەپێی کوالێتی ئەو کەلوپەلانەی لە نەشتەرگەرییەکەدا بەکاردێت دیاریدەکرێن.

د. رەهێل فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رێکخستنەوەی نرخ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان ئاماژەی بەوەکرد: "ساڵی رابردوو لیژنەیەک پێکهێندرا لە وەزارەتی تەندروستی بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە نرخەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین نموونە لە وڵاتانی دیکەوە هێندرا بۆ بەراوردکردن و لە ئێستادا لەلایەن پزیشکانی تایبەتمەندەوە کار لەسەر دیارکردنی نرخ لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەرێم دەکرێت".

دەشڵێت: "بۆ دیاری كردنی نرخ لە نەخۆشخانە تایبەتەكان دەمانەوێت دادپەروەری ھەبێت لە پشكی دكتۆر و نەخۆشخانە و ئەو كەسانەی بەشدارن، بۆیە لەئێستادا لیژنەیەكی بەسەرپەرشتی خۆم و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و سەندیكای پزیشكان کاردەکات و بڕیاریشە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دیاریكردنی نرخ لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە چەند قۆناغێک جێبەجێبکرێت".

راشیگەیاند: "لە قۆناغی یەكەمی دیاریکردنی نرخەکاندا رێژەی پزیشك و نەخۆشخانە دیاری دەكرێت، بەڵام تا ئەو قۆناغە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە، چونکە هێشتا لە شاری ھەولێر ھەندێ پزیشك لە نەشتەرگەریەك پشكی ٪70ی بەردەکەوێت".

د. رەهێل فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو: "لە قۆناغەكانی داھاتوو نرخی ھەموو نەشتەرگەریەك دیاری دەكرێت بەپێی كوالێتی ئەو كەلوپەلانەی بەكاردێت، ئەو نەخۆشخانانەی كوالێتیان بەرزە جیا دەكرێنەوە لەگەڵ ئەو نەخۆشخانانەی كوالێتیان نزمە، نرخ لە هەموو نەخۆشخانە تایبەتەکان وەک یەک نابێت".


PM:09:35:10/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت