لە هەر کاتژمێرێکدا نۆ حاڵەتی جیابوونەوە تۆماردەکرێت


وێستگه‌نیوزـ

بەپێی سەرژمێرییەکانی دادگاکانی عیراق، لەسەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا ئێستا، تێکڕای مانگانە بۆ حاڵەتەکانی جیابوونەوە نزیکەی شەش هەزار حاڵەت بووە بۆ هەر مانگێک کە ئەمەش رێژەیەکی زۆرە.

پارێزگای بەغدادیش بەپلەی یەکەم دێت لەتۆمارکردنی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران، بەگوێرەی سەرژمێرییەکە لەپارێزگا جیاجیاکانی عیراقدا لە مانگی رابردوودا زیاتر لە شه‌ش هه‌زار و 330 حاڵەت تۆمارکراون و لەنێویشیانادا پارێزگای بەغدا دوو هه‌زار و 390 حاڵەتی بەردەکەوێت.

هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەرانیش بۆ ئەو گرفتە دەروونییانە دەگەڕێتەوە کە زۆرینەی گەلێ عیراق بەدەستییەوە دەناڵێنن ئەویش بەهۆی پشتگوێخستنی هاوڵاتیان لەلایەن حکومەتەوە کە بووە بەهۆی زیادبوون وهەڵکشانی بێکاری و هەژاری و گرفتی ئابووری و دارایی و کەمی سەرچاوەی ماددی بۆ ژیانێکی شایستە.

سەرژمێرییەکان سامناکن:

مانگانە نزیکەی شەش هەزار حاڵەت

رۆژنانە نزیکەی 200 حاڵەت

لەهەر کاتژمێرێکدا نۆحاڵەت

80٪ پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەنێوان تەمەنی 16 ساڵ تا 21 ساڵی

90٪ جیابوونەوەی هاوسەران بۆ کەمی تەمەنی هاوسەرەکان دەگەڕێتەوە

هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران:

حاڵەتی دەروونی و ناسەقامگیری دەروونی کەزۆرینەی دانیشتوان تووشی هاتوون

بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری

نەبوونی هۆشیاری هاوسەرگیری

توندوتیژی خێزانی

هاوسەرگیری لەتەمەنێکی منداڵی دا

هۆکارە یارمەتیدەرەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە

نەبوونی یاسا

لاوازی ڕۆڵی حکومەت

نەبوونی چاکسازی لەنێوان هاوسەراندا

هاوسەرگیری کردن لەدەرەوەی دادگاکان

ناچارکردنی کچانی گەنج بە هاوسەرگیری کردن

لاوازی و نەبوونی رۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق (جیابوونەوەی هاوسەران) لەعێراق چین؟

تەڵاق وجیابوونەوەی هاوسەران لەعێراق بووە بەدیاردە و یەکێک لەو گرفتانەی لەم ساڵانەی دواییدا بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە بریتییە لە جیابوونەوەی هاوسەران، زۆرینە هۆیەکەی بۆ زەواجی پێشوەختە و بڵاوبوونەوەی هەژاری و بێکاری و خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و چەندین هۆکاری دیکە دەگێڕنەوە.

بەگوێرەی کۆتا یان دوایین سەرژمێری فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادی عێراق کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڵاوکراوەتەوە، رێژەی جیابوونەوەی نێوان هاوسەران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە لە ناوچە و شارە جیاجیاکانی عێراقدا، بەجۆرێک لە شه‌ش هه‌زار و 330 حاڵەت، چوار هه‌زار و 660 حاڵەت لەدەرەوەی دادگا جیابوونەتەوە و هه‌زار و 670 حاڵەتیش لەناو دادگا و بە داوەری دادگا جیابوونەتەوە ئەمەش واتە بۆ هەرکاتژمێرێک نۆ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە و لەرۆژێکیشدا نزیکەی 200 حاڵەت تۆمار کراوە.

لەرووی زۆری حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەرانەوە پارێزگای بەغداد بەپلەی یەکەم دێت و دواتریش هەریەکە لە پاریزگاژکانی بەسرە و نەینەوا و ئەنبار ودیالە دێت.

بەگوێرەی دەستەی دادوەری باڵای عێراق، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ پێنج هه‌زار و 815 حاڵەتی جیابوونەوە لە هەموو عێراق تۆمارکراوە، هاوکات لە مانگی ئازاری رابردوو زیاتر لە شه‌ش هەزار حاڵەت تۆمارکراوە.

بەراورد بە ساڵی 2021ی رابردوو و بەپێی سەرژمێرییەکانی چوارچێوەی گشتی فەرمی، حاڵەتەکانی جیابوونەوە زیادیان کردووە، پارێزەرێکی عیراقیش دەڵێت، "رێژەی ناوەندەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە مانگێکدا دەگاتە شەس هەزار حاڵەت، بەراورد بە ساڵی پار و پێرار حاڵەتەکانی جیابوونەوە پێنج هەزار و 500 حاڵەت بوون.

پارێزەرێک ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری سەرەکی زۆربەی حاڵەتەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناپاکی خێزانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زنجیرە دراماکان، باسی لەوەشکرد، هۆکارە دیارەکانی تریش بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەراکان و خواردنەوەی کحولە و دەشلێت، " لەو کاتانەدا پیاوەکان ئاگایان لە خۆیان نییە و دەبێتە هۆی دەمەقاڵێ و توندوتیژی و ئەمەش بە جیابوونەوە کۆتایی دێت."


PM:06:23:10/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت