پەیامێک لە شاسوار عەبدولواحیدەوە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی وڵاتان لە عێراق و هەرێم

‌شاسوار عەبدولواحید

وێستگەنیوز_

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی وڵاتان بۆ عێراق و هەرێم دەکەن کە هەمیشە داکۆکیکارێکی راستەقینەن لە خەڵکی عێراق و ئازادی رادەڕبڕین.


شاسوار عەبدولواحید لە پەیامێکیدا باسی لەوەکردووە، زۆر سوپاس بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێردەی وڵاتان بۆ عێراق و هەرێم، بە تایبەت (یونامی، بەریتانیا، کەنەدا، هۆڵەندا ، ئەڵمانیا، فەرەنسا ، ئەمریکا) کە هەمیشە داکۆکیکەرێکی راستەقینەن لە خەڵکی عێراق و ئازادی رادەربرین و رێزگرتنی مافی مرۆڤ.

دەشڵێت، "هەڵوێستەکانیان بەرز دەنرخێنین".

لەدوای راگەیاندنی خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممە، بەر لە خۆپیشاندانەکان و لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا چەندین چالاکوان و کادری نەوەی نوێ و رۆژنامەنووس و پەرلەمانتار لەسەر خۆپیشاندانەکان دەستگیرکران و لەدوای فشارە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان، لە ئێستادا دەستگیرکراوان ئازادکراون.

پێشتر سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی و پارتییەوە، زیاتر لە 600 کەس لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکران و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەتا ئەمڕۆ بەهۆی فشاری کۆنسوڵخانە و وڵاتانی دەرەوە و سەردانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لای سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، تەواوی دەستگیرکراوان ئازادکران.

نوێنه‌ری‌ یۆنامی‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ كه‌ ده‌بینن ئه‌و دۆخه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت و میدیاكاران به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی‌ پێشێلكاری‌ ده‌بنه‌وه‌.

شەوی دووشەممە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، نیگەرانن لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران و چالاکوانان لە هەریم و دەشڵێت، "نیگەرانین لە بەکارهێنانی گازی فرمێسکرێژ و گولـلەی پلاستیکی لە دژی خۆپیشاندەران."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەسەر دەستگیرکردنەکان، کونسوڵخانەکانی بەریتانیا و کەنەدا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، نیگەرانن لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و وتیشیان، "ئازادیی رادەربڕین بەشێکی گرنگی پڕۆسەی دیموکراسییە."

هاوکات کونسوڵگەری گشتی کەنەدا لە هەرێم رایگەیاند، هەست بەنیگەرانی دەکەن لە دەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانانی سیاسی و رۆژنامەنوسان لە هەرێم. دەشڵێت، ئازادی رادەربڕین و کۆبوونەوە و پێکهێنانی کۆمەڵە و ئازادی رۆژنامەگەری دوو کۆڵەکەی گرنگی دیموکراتی تەندروستن.

هەروەها، کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، هەست بە نیگەرانی دەکەن بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەندام پەرلەمانەکان و رۆژنامەنوسان و چالاکوانە سیاسییەکان لە سەرتاسەری هەرێمدا.

باسی لەوەشکردووە، ئازادی رادەربڕین بابەتێکی یەکلایی کەرەوەیە لە پرۆسەی سیاسیدا، هەربۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەن دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر نەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەشڵێت، "بە بێ ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان ژیانی سیاسی و دیموکراسی بوونی نیە و جیا لەوەش چاودێری ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەن و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن ئازادییە گشتییەکان لەبەرچاو بگرێت."

 





PM:11:39:09/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت