یەکێتی کۆتایی بە ڕاژەی نزیکەی 500کارمەندی حزبەکەی هێنا

‌دیمەنێک لە دراوی عێراق و لۆگۆی یەکێتی

وێستگەنیوز_ ژووری هەواڵ

یەکێتی مووچەی نزیکەی 500کارمەندی مەکتەبەکانی ڕاگرت و کۆتایی هێنا بە ڕاژەکانیان کە زۆرینەیان کارمەندی ڕاگەیاندنی ئەو حزبەن، ئەمرۆش 110کارمەندی کەناڵی کەرکوک کۆتا مووچەیان پێدراوە.

سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمرۆ دووشەممە، 8ی ئابی 2022 بە وێستگەنیوز-ی وت، لەچوارچێوەی ڕێکخستنەوەی میلاکات و ڕاژەی کارمەندی مەکتەبەکانی، ئیدارەی گشتیی یەکێتی دەستی کردووە بە کۆمەڵێک ڕێکاری ئیداریی و لە هەنگاوی یەکەمیشیدا، مووچەی نزیکەی 500کارمەندی ڕاگرتووە و کۆتایی بە ڕەژاکانیان دەهێنرێ کە سەرجەمیان دوو مووچەیان هەبووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمرۆ دووشەممە 110کارمەندی کەناڵی ئاسمانی کەرکوک پاش پێدانی مووچەکانیان، ڕاژەکانیان کۆتایی پێهێنراوە، ئەو کارمەندانەی دیکەش کە لەنێو مەکتەبە جیاوازەکانی یەکێتی و تایبەت مەکتەبی ڕاگەیاندنن و دوو موچەیان هەیە لە کاتی وەرگرتنی مووچەدا ئاگاداردەکرێنەوە بە کۆتایی هاتنی راژەکانیان.

کەناڵی کەرکوک کە پەخشەکەی ئاسمانییە، بەڵام کارەکانی زیاتر تایبەتن بە پارێزگای کەرکوک و ناوچە کێشە لە سەرەکان، نزیکەی یانزە ساڵ پێش ئێستا و لە 2011/9/3 و وەک دیاری مام جەلال كەناڵەکە پێشکەش بە پێکهاتەکانی کەرکوک کرا کە بەهەر سێ زمانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی هەواڵ و زانیاری پێشکەشدەکات.

ئەوەی تائێستا ڕوون نییە، چارەنووس و بەردەوامبوونی کەناڵەکەیە، کە لە جێگەی ئەو کارمەندانە کێ دەستبەکاردەبێت یاخود پەخشی کەناڵەکە ڕادەگیرێ، هەرچەندە لە ماوەی ڕابردوو بۆ نوێکردنەوەی بەشی تەکنیک و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی ماوەیەک پەخشی کەناڵەکە ڕاگیرا. 


PM:05:10:08/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 13640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو