وەزارەتی کارەبا: ملیۆنێک و 770 هەزار هاوبەشی کارەبا زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزداری وەزارەتن


وێستگەنیوز-

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ملیۆنێک و 770 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن و زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزداری وەزارەتی کارەبان.

 
ئەمڕۆ دووشەممە 8 ی ئابی 2022، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هاوبەشانی کارەبا زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزداری وەزارەتن. ئەو بڕە پارەیەش زۆرە و گرفت بۆ کارکردنی وەزارەت دروست دەکات.
 
وتیشی، "ئێمە بەگوێرەی یاسا دەتوانین کارەبای هەر هاوبەشێک ببڕین کە قەرزەکەی ناداتەوە، بەڵام دۆخی دارایی هەموو هاوبەشانمان لەبەرچاوگرتووە؛ بۆیە تاوەکو ئێستا ئەو یاساییە جێبەجێ نەکراوە."
 
وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، "بە دوو رێگە هاوکاری هاوبەشانمان کردووە بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە. یەکەم بەلێخۆشبوون لە بەشێک لە قەرزەکەیان. دووەم، بە گەڕانەوەی قەرزەکەیان بەشێوەی قیستیی مانگانە."
 
بە وتەی ئومێد ئەحمەد "ئەگەر هەر هاوبەشێک یەکجار، دووجار، سێ جار ئاگادار بکرێتەوە لەوەی قەرزەکەی بگەڕێنێتەوە و هیچ وەڵامی نەبێت، ئەو کاتە ناچارین ئەو یاساییە جێبەجێبکەین و کارەباکەی ببڕین، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین نەگەینە ئەو قۆناخە."
 
باسی لەوەش کرد "جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئێمە لەسەر بودجە وەستاوە. سەرەڕای قەیرانەکان، خزمەتگوزارییەکانمان جێبەجێکردوون؛ هیوادارین نەگاتە ئاستێک بەهۆی قەرزێکی زۆری هاوبەشان نەتوانین خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکەین، چونکە داهاتی مانگانەمان بەراورد بە خەرجییەکانمان کەمترە."


PM:03:37:08/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو