سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ: ڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێم لەو ئاستەدا نیە کە هیوای پێدەخوازین


وێستگەنیوز-

سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ  دەدوێت و دەڵێت، " ڕەوشی مافی مرۆڤ لەهەرێم لەو ئاستەدا نیە کە هیوای پێدەخوازین".


مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە 8 ی ئابی 2022 وتووێژێکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئەنجامداوەو لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی شیلادزێ دەڵێت،" به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ئاگادارین، چووینە چاکسازی تیمی گەورەمان بردبوو لەگەڵ خۆمان، تیمەکە هی فەرمانگەی یاسایی و مافی مرۆڤ بووین، بۆ ئەوەی دابەش ببین بەسەر هۆڵی زیندانی کراوەکاندا، چونکە هۆڵەکان زۆرن، تا بتوانین زۆرترین ژمارەیان ببینین و بزانین کێشەیان چیە؟ من لە چەند هۆڵێک چەند کەسێکم بینی بەتایبەت ئەوانەی مانیان گرتبوو، چونکە زیندانی تر جگە لەوانەی بادینان مانیان گرتووە چونکە ئەوانیش بەتەمای ئازادکردنی مەرجدارن، بەڵام بە گشتی دۆخی مانگرتووەکان باشن چونکە شلەمەنییەکانی وەک قاوە و شەربەت دەخۆنەوە تەنها نان ناخۆن بۆیە دۆخیان باشە سوپاس بۆ خوا، بەڵام ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستییان"

دەشڵێت، "من پێم وتن بە دڵنیایی ئێمە کارتان بۆ دەکەین و لەگەڵ داواکاری گشتی و چاکسازی و دادگا لەسەر خەت دەبین تا وەڵامێک بۆ ئێوە وەربگرین لەسەر ئازادکردنتان بەمەرج، بۆیە داوامان لێکردن کە مانگرتنەکەیان بەردەوام نەبێت، چونکە کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستییان، هەندێک لەوانە کە نەخۆش بوون چوبونە نەخۆشخانە چارەسەرییان وەرگرتبوو، بۆ نمونە مەلا شڤان من بۆ خۆم بینیم، پێی وتم پشکنینی شەکرە و ئەو شتانەم کردووە، هەندێک کێشەم هەبووە بەڵام مانەکەم شکاند ڕۆژێک هەموو شتم خواردەوە بۆ ئەوەی دۆخم باشتر بێت ئێستا سوپاس بۆ خوا باشترم، بەڵام ئێستاش مانی گرتووە و هەروەک وتم شلەمەنی دەخوات بەڵام مەلا شڤان و هەرهەموویان دۆخیان باش بوو سوپاس بۆ خوا هەموو مانگرتووەکانمان بینی، بۆیە بە کورتی دەتوانم بڵێم دۆخیان باشە، ئینشائەڵا ئێمە وادەکەین کە ئەو ڕۆتینە کەمبکرێتەوە، نەک بە تەنها ئەوان، بەڵکو هەموو ئەو کەسانەی مافی ئازادکردنی مەرجدارییان هەیە وادەکەین کە دۆسێیەکانیان بگاتە داواکاری گشتی لەوێشەوە بچێتە دادگای کەتن تا بڕیارێک دەربچێت بۆ ئەوەی بزانرێت چارەنوسییان چی دەبێت؟ ئایا ماوەکە تەواو دەکەن یا پێش وەخت دەردەچن . "

دەربارەی داواکاری سەرەکی ئەو زیندانییە مانگرتووانە؟ سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم وتی" داواكاری سەرەکی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (افراج شمولی شرط) یان بكات واته‌ ئازادكردنی مه‌رجدار كه‌ له‌یاسای (اصول محاكمه‌ی جزائی) عێراقیدا باسكراوه‌ چه‌ند مه‌رجی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ ئه‌و ڕێگه‌یه‌ تۆزێک ئاڵۆزه‌ واته‌ ڕۆتینێكی زۆری تێدایه‌ له‌چاكسازییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ پارێزه‌ره‌كه‌یان داواكارییه‌ک پێشكه‌شی كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی بزانن له‌وێ ئایا ڕه‌فتاری باشبووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ربچێت پێش ماوه‌ی خۆی به‌پێی ئازادكردنی مه‌رجدار یان نا، دواتر ئه‌و داواكارییه‌ ده‌چێته‌ لای داواكاری گشتی ئه‌ویش دراسه‌ی كه‌یسه‌كه‌ ده‌كات داواكاری گشتیش ده‌بێت ڕای خۆیان بده‌ن ئایا له‌ڕووی یاساوه‌ هیچ كێشه‌یه‌ک هه‌یه‌ یاخود نا پاشان ده‌چێت دادگای كه‌تن ده‌بێت بڕیاره‌كه‌ له‌وێ ده‌ربچێت، به‌ڵێ پرۆسه‌كه‌ هێواش بوو، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر زۆری ڕۆتینی پرۆسه‌كه‌ بێت نه‌ک له‌به‌رهۆكاری تر له‌وانه‌شه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ بێت كه‌ تۆزێک ناكۆكی هه‌بوو له‌بۆچوونه‌كان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا كه‌یسه‌كان پێكه‌وه‌ بڕیارییان لەبارەوە ده‌ربچێت؟ یان هه‌ركه‌سێک لەو زیندانیانە بڕیاری خۆی له‌وانه‌یه‌ كه‌یسه‌كان جیاوازبێت واته‌ كۆمه‌ڵێكن به‌ڵام یه‌كێک مه‌رجه‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ و ئه‌وانی تر نایگرێته‌وه‌ بۆیه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ندێک دوور و درێژبوو. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا داواکاری ئەو زیندانیانە جێ بەجێدەکرێت؟ لە وەڵامدا د. مونا یاقو دەڵێت" هه‌فته‌ی ڕابردوو كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵیمان كرد، من و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆكی داواكاری گشتی له‌كۆتایدا كۆبوونه‌وه‌یەک كه‌ زیاتر له‌ كاتژمێرێک و نیوی خایاند گه‌یشتینه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ با بڕیارێک ده‌ربچێت بۆ هه‌ریه‌ک به‌ته‌نها پاش ئه‌وه‌ی دادگا كه‌یسی هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا ببینێته‌وه،‌ نه‌ک بڕیارێكی گشتگیر ده‌ربچێت بۆ هه‌موویان پێیان باشبوو كه‌ ئاوا زیاتر یاسایی تر و ڕاستره،‌ بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له‌چاكسازی فایلیان بچێته‌ داواكاری گشتی ئینجا بچێته‌ دادگا و هه‌تا ڕای خۆیان بده‌ن. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان چۆنە لە ئێستادا؟ لە وەڵامدا سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان وتی" دۆخه‌كه‌ به‌و ئاسته‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت، به‌ڕای ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ئه‌گه‌ر دوور له‌سیاسه‌ت ئیش بكه‌ین ده‌كرێت زۆر ڕه‌خنه‌ی باش وه‌ربگرین كه‌ ئیشێكی باش بكرێت زۆر شت هه‌یه‌ پێشێلكارییه‌ نه‌مێنێت هیواخوازین كه‌ ئیشێكی یاساییانه‌ بكه‌ین، وه‌كو وتم دوور له‌سیاسه‌ت چونكه‌ ئێمه‌ وه‌كو ده‌سته‌ ته‌نها لایه‌نێكی چاودێریین و له‌ڕاستیدا هیچ شتمان به‌ده‌ست نییه‌ ته‌نها ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌ و دیاریكردنی پێشێلكاریه‌كان ده‌كه‌ین بۆیه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی باش بكه‌ین له‌و حاڵه‌ته‌دا ڕۆڵمان له‌كۆمه‌ڵگه‌ یان له‌هه‌رێم ڕۆڵێكی لاواز ده‌بێت، بۆیه‌ هیواخوازین ئه‌و ئیشه‌ی كه‌ كردمان باشتر بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجامێكی باشتری هه‌بێت. "

ڕۆژی شەممە جگە لە دەستگیرکردنی پەیامنێران و چەند ڕۆژنامەوانێکی دیکەی کەناڵی ئێن ئاڕتی، هاوکات تیمێکی وێب سایتی وێستگەنیوز و سەرنوسەرەکەی( سیروان غەریب) دەستگیرکران، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دووەمجار ڕۆژنامەنوس(ئەیوب وەرتی) پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن لە هەولێر دەستگیر کرا. "

سەبارەت بەوەی وەک دەستەکەتان ئاگاداری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسانن؟ لە وەڵامدا سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم وتی" به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مافی ڕۆژنامه‌نووسانین، به‌گشتی من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام یاسا جێبه‌جێ بكرێت و ڕۆژنامه‌نووس ڕێزی لێبگیرێت ئه‌گه‌ر هاتوو هیچ كێشه‌ی دروست نه‌كردبێت كه‌ دژ به‌یاسا و دژ به‌سیسته‌می گشتی هه‌رێم بێت. "

سەبارەت بە دەستگیرکردنی خۆبەخشئن و ئەندامانی نەوەی نوێ لە سلێمانی و هەولێر بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەوە؟ د. مونا یاقو وتی" ئێمه‌ داواده‌كه‌ین ڕێز له‌ده‌ستور و له ‌یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندان یاسای ژماره‌ (11) ی 2010 بگیرێت، یاسا سه‌روه‌ر بێت ئه‌گه‌ر هاتوو خۆپیشانده‌ره‌كان به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان كردبێت ده‌بێت ڕێز له‌ داواكاریان بگیرێت و به‌بێ كێشه‌ مافی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و مافه‌ ته‌نها له‌یاسا نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو له‌ده‌ستوری عێراقیش مادده‌ (38) به‌ئاشكرا باسكراوه‌ مافی ئەنجامدا كه‌ مافی هه‌ر هاوڵاتیه‌كه‌ له‌عێراق به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ مه‌رجی بۆ دانراوه‌ واته‌ به‌شێوه‌ی ڕه‌ها نییه‌. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەرفەتی بینینی سەرۆکی حکومەتیان پێداویت و وەڵامییان دایتەوە؟ لە وەڵامدا سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ وتی" سه‌باره‌ت به‌بینینی به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، نه‌خێر نه‌مبینیووه‌، هه‌تا ئێستاش به‌فه‌رمی وه‌ڵامی من نه‌دراوه‌ته‌وه‌، نازانم ئایا وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ یان نا، هیچ زانیاریم نییه‌. "


PM:12:40:08/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت