ئەستێرەی گەلاوێژ و فێنک بوونی کەش و هەوا


وێستگەنیوز_

ئەستێرەی گەلاوێژ کەی لە کوردستان هەڵدێت؟ کەی دەتوانین بەرەبەیانیان لە ئاسۆی خۆرهەڵات بیبینین؟ بۆچی هەڵاتنی گەلاوێژ لەنێو کورددا، هەر لە کۆنەوە بە هۆکاری فێنک بوونی کەش و هەوا دانراوە؟

ئەستێرەی گەلاوێژ Sirius درەوشاوەترین ئەستێرەی ئاسمانە بۆ دیدی ئێمەی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی. گەلاوێژ ئەستێرەیەکە شەبەنگی تیشکەکەی لە جۆری A0 و A1 دایە. دووریەکەی 8.6 ساڵی تیشكیە لە کۆمەڵەی خۆری ئێمەوە. ئەمەش بەپێوەری فراوانیی گەردوون، زۆر بە نزیک دادەنرێت. هەر لەگەڵ زۆریی بارستەکەی و گەورەیی قەبارەکەی و بەرزیی پلەی گەرمیی سەر ڕووەکەی، هۆکاری درەوشانەوەی زۆری ئەو ئەستێرەیەیە بۆ دیدی ئێمە. 

بارستەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی بارستەی خۆرە. تیرەکەی 1.71 هێندەی تیرەی خۆری ئێمەیە و پلەی گەرمیی سەر ڕووەکەی، نزیکەی 9600 پلەی سەدییە. بەگشتی ئەستێرەی گەلاوێژ زۆر لە خۆری ئێمە درەوشاوەترە. ئەگەر لەهەمان دوریدا تەماشای هەردووکیان بکەین دەبینین، ئەوا دەبینین گەلاوێژ 26 جار لە خۆر درەوشاوەترە.

ئەستێرەی گەلاوێژ تاک و تەنیا نییە، بەڵکو ئەستێرەیەکی دووانەیە، جگە لە خۆی، ئەستێرەیەکی قەزەمی سپیشی لەگەڵدایە و وەکو دووانەیەک لە ماوەی 50 ساڵدا جارێک هەردووکیان بە دەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە. ئەو ئەستێرە درەوشاوەی دەیبینین بە Sirius A دەناسرێت و ئەوەی تریان، کە تەنها بە تەلەسکۆپ دەبینرێت، بە Sirius B دەناسرێت.

ئەستێرەی گەلاوێژ لە ئاسمانی نیوەی باکوری هەسارەی زەوی، لە زستانان زۆر جوان دیارە بە درێژایی شەو. لە کوردستاندا لە مانگی کانوونی دووەم لە دوای نیوە شەوان لە ناوەڕاستی ئاسمان هەندێک بە دیوی ئاسمانی باشوردا دەبینرێت، بەڵام بەرواری یەکەم هەڵاتنی لە ساڵدام لە بەرەبەیانەکانی کوردستان بەشێوەیەک بتوانرێت بەچاو ببینرێت، دەکەوێتە نێوان 5ی مانگی ئاب بۆ 10ی مانگی ئابی هەموو ساڵێک. ئەوکاتەش بۆ بینینی دەبێت بەرەبەیانەکەی لە شوێنێکی هەندێک بەرز وەکو سەر گردێک یان باڵەخانەیەکی بەرز، تەماشا بکرێت و چەند خولەکێک پێش خۆرهەڵاتن لە ئاسۆی خۆرهەڵات بە گۆشەی نزیکەی 40 پلە لە تەنیشت خۆرهەڵاتەوە بە دیوی باشوردا دەبینرێت.

دەتوانرێت ئەمساڵ 2022 بۆ دۆزینەوەی سود لە هەسارەی ڤینۆس وەربگیرێت، چونکە ڤینۆس زۆر بە جوانی دەردەکەوێت لە ئاسۆی خۆرهەڵات، پێش هەڵاتنی خۆر، بەڵام ئەستێرەی گەلاوێژ لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا دەتوانرێت زۆر جوانتر ببینرێت، ڕێک لەسەر ئاسۆی خۆرهەڵات نزیکەی چارەکێک پێش خۆرهەڵاتن دەبینرێت لە دیوی باشوری هەسارەی ڤینۆسەوە. هەسارەی ڤینۆس لەم کاتەی ساڵدا وەکو ئەستێرەیەکی زۆر پرشنگدار بەرەبەیانان دەردەکەوێت لەسەر ئاسۆی خۆرهەڵات بۆ دیدی ئێمە.

بەڵام بۆ ئەوەی بەرەبەیانان زۆر بەجوانی و بەئاسانی گەلاوێژ لە کوردستان لە هەموو شوێنێکدا ببینین لە تاریکیدا و پێش خۆرهەڵاتن، باشترە تا کۆتایی مانگی هەشت بوەستین ئینجا بەرەبەیان تەماشای ئاسۆی خۆرهەڵات بکەین. ئەوساکە جوان دەبینرێت.

هەڵکەوتەی کاتی هەڵاتنی ئەستێرەی گەلاوێژ لە بەرەبەیاناندا لەوکاتەدا، کە دەوروبەری ناوەڕاستی مانگی ئابە، کە بەگشتی پلەکانی گەرما لە بەرەبەیانان بە تایبەتی لە دەیەها و سەدەها ساڵی ڕابردودا دوو سێ پلە کەمتر بۆتەوە، بە بەراورد بە مانگی حەوت، وای کردووە لە کوردستان بە هۆکارێکی فێنک بوونەوەی کەش و هەوا دابنرێت. لەبەرئەوەی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لەبەرەبەیانان و دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هاوکاتی یەکتر بوون، بۆیە لەنێو کورددا وا باو بووە کە هەڵاتنی گەلاوێژ هۆکاری ئەو فێنک بوونەوەیەیە. بەڵام ئەم بۆچوونە ڕاست نییە و زانستیی نییە. دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هیچ پەیوەندیی بە دابەزینی پلەکانی گەرماوە نییە لەسەر زەوی. تەنها ئەوە نەبێت، کە ئەو دوو ڕووداوە هاوکاتی یەکترن. بۆیە ئەو تێگەیشنە باوبووە لەنێو خەڵکدا.


لە واڵی: Lukman Hawez




PM:03:53:07/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 5336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو