سورییەکان له‌ رێگای قاچاخی تورکیا تووشی ئەشکەنجە و گوێ بڕین دەبنەوە

‌وێنە: سایتی ئەلعەرەبیە

وێستگه‌نیوزـ

دەستەیەک لە قاچاخچیی ئێرانی دیمەنی ئەشکەنجەدانی ئەو سورییانە دەگرێت، کە دەیانەوێت بچنە ناو خاکی تورکیاوە، تا بۆ کەسوکاریانی بنێرێت و لەبەرانبەر ئازادکردنیشیاندا پارەیان دەوێت.


بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپه‌ری ئەلعەرەبییە، لەسەر سنووری نێوان ئێران و تورکیا، بەدەیان پەنابەری خەڵکی سوریا، لەلایەن ئەو قاچاخچیانەوە رووبەڕووی ئەشکەنجەدانی جەستەیی بوونەتەوە، کە دەیانەوێت بچنە خاکی تورکیاوە، تا لەوێوە بەرە و ئەوروپا بڕۆن، بەڵام قاچاخچییەکان ئەشکەنجەی جەستەیی زۆریان داون و دیمەنەکانیشیان تۆمارکردووە تا بۆ کەسوکاریانی بنێرنەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک، کە ئاژانسی میزۆپۆتامیای کوردیی بۆ یەکەم جار بڵاوی کردوه‌تەوە، دەستەیەک لە قاچاخچیی ئێرانی هەستاون بە بڕینی گوێی یەکێک لەو گەنجە سووریانە، کە دەستیان بەستوه‌تەوە تا دواتر بۆ کەسوکاری بنێرن و داوای 10 هەزار دۆلاری ئەمریکییان کردووە لەبەرانبەر ئازادکردنیدا.

لە بەدواداچوونێکی کەناڵی ئەلعەرەبییەدا، خێزانی ئەو پەنابەرە سوریانەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون، داواکاریی قاچاخچییەکانیان جێبەجێ کردووە و ئەو بڕە پارەیەیان بۆ ناردوون، کە داوایان کردووە، تا منداڵەکانیان ئازادبکەن و بچنە خاکی تورکیاوە. بەڵام هەندێک لەو گەنجە سوریانە بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ترسی ئەوەی جارێکیتر نەکەونەوە بەردەستی قاچاخچی، دەستبەرداری خەونی گەیشتن بە ئەوروپا بوون.

بەپێی زانیارییەکانی ئەلعەرەبییە، پێش سێ رۆژ، 12 پەنابەری سوریی لەژێر ئەشکەنجەی قاچاخچییدا برینداربوون.

جێگای ئاماژەیە لەوکاتەوەی تورکیا رێکارەکانی سەفەری خەڵکی سوریا بۆ تورکیای قورس کردووە و داوای ڤیزا دەکات، سنووری نێوان ئێران و تورکیا بوه‌تە رێڕەوێک بۆ پەڕینەوەی پەنابەرانی خەڵکی سوریا، کە دەیانەوێت بە نایاسایی بچنە ئەو وڵاتەوە.

جێگای بیرهێنانەوەیە پێشتریش بەهۆی بەفر و سەرماوە، بەدەیان پەنابەر لەکاتی هەوڵی پەڕینەوەیان لەو ناوچانەوە بۆ ناو تورکیا، گیانیان لەدەستداوە.


PM:02:21:07/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 6220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت