عیراق: سەرجەم بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو راستییەن کە تورکیا لە هێرشەکەی زاخۆ تێوەگلاوە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەرجەم بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو راستییەن کە تورکیا لە هێرشەکەی سەر زاخۆدا تێوەگلاوە.

ئەمرۆ شەممە 6ـی ئابی 2022، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "عێراق تائێستا هانی سەرجەم هاوبەش و دۆستەكانی دەدات بۆ دووپاتكردنەوەی ئەو ڕاگەیەندراوەكەی لە ئەنجامی كاری لیژنەی لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و ئەندامێتیی فەرماندە ئەمنییەكان سەبارەت بە بۆردومانەكە بڵاوكرایەوە."

ئەو وتەبێژە لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی، "ڕاپۆرتی لیژنەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی توركیا تێوەگلاوە لە هێرشەكەی ئەمدواییە كە خۆی لە بۆردومانكردنی هاوینەهەوارێك لە دهۆك دەبینێتەوە، سەرجەم بەڵگە و شاهیدە لۆژیكییەكان ئەوە دەسەلمێنن كە عێراق دەیبینێ، وڵاتانی هاوبەش و دۆستەكانیش هەڵوێستی خۆیان نیشاندا بە ئیدانەكردنی بۆردومانەكەی توركیا."

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی 2018ـەوە تا ئەوكاتەی پەنای بردەبەر ئەنجومەنی ئاسایش، 22 هەزار و 742 کەیسی پێشێلكردن و پەلاماری تۆماركردووە، جگە لە 296 پەیام و یاداشتی ناڕەزایەتی كە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دژ بە لایەنی توركی لەو چوارچێوەیەدا ئاراستەكراون.

رۆژی 20ـی 7ـی 2022، به‌هۆی تۆپبارانكردنی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، 9 كه‌س شه‌هیدبوون و 29 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، جیا له‌وه‌ش چه‌ندین به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ركران. لای خۆشیەوە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوای کرد تورکیا خاکی عێراق بەجێبهێڵێت، هۆشداریشیدا لە "بەردەوامی مامەڵە دوژمنکارییەکانی ئەو وڵاتە و وتی، "مامەڵەکانی تورکیا دوژمنکارییە بەرامبەر خاک و سەروەری و هاوڵاتیانی عێراقی".


AM:10:37:06/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت