رێبوار ئەورەحمان: ئەگەر هاوڵاتیان خۆپیشاندان نەکەن ئەوەندەی تر دەسەڵات بێباک دەبێت

‌رێبوار ئەوڕەحمان

وێستگه‌نیوزـ

وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، ئەگەر هاوڵاتیان خۆپیشاندان نەکەن ئەوەنەی تر دەسەڵات بێباک دەبێت. دەشڵێت، "خزمەتگوزاریەکانی نەوەی نوێ بۆ کپکردنەوەی ناڕەزایی نییە".

ئەمڕۆ هەینی 5ی ئابی 2022، رێبوار ئەوڕەحمان، وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق لە بەشداریکردنیدا لە روماڵیکی تایبەتی ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە سەرجەم کەرتەکان بەرەو خراپبوون چوون.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە لە پێناو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان خۆپیشاندان دەکەین نەک بۆ زیان گەیاندن بە هاوڵاتیان".

وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق وتیشی: "ناکرێت بێدەنگ بین لە بەرامبەر گەندەڵییەکان بە خۆپیشاندان سنوور بۆ هەموو ئەمانە دادەنێین".

باسی لەوەشکرد، نەوەی نوێ داوای خۆپیشاندانی هێمنانەی کردووە و لە رێی خۆپیشاندانەوە داوا دەکەن مووچە لە کاتی خۆی دابەشبکرێت و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە.

وتیشی: "پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ تاکە ئەندامن شەڕ لەگەڵ دەسەڵات دەکەن لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک".

لەبارەی ئەوەی ئایا خۆپیشاندانەکەی نەوی نوێ پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکەی بەغداوە هەیە؟ رێبوار ئەوڕەحمان وتی: "خۆپیشاندانی ئێمە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانی بەغداوە نییە، بەڵکو هاوڵاتیانی هەرێم وەک هاوڵاتیانی عێراق کێشەیان هەیە".

وتیشی: "لە شەقام و پەرلەمان و میدیاکان پشتیوانی لە خەڵک دەکەین هەربۆیە باوەڕمان وایە خەڵک بەدەم بانگهێشتی خۆپیشاندانەکانیانەوە بێن".

دەشڵێت، "ئەگەر خەڵکیش خۆپیشاندان نەکات من بە تەنها خۆپیشاندان دەکەم، چونکە درکم بەوە کردووە کە خەڵک زوڵمی لێدەکرێت".

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ کاتژمێر پێنجی ئێوارە، لەسەر داوای شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سەرتاسەری هەرێم و لەو شوێنانەی دیاریکراون خۆپیشاندانی هێمنانە بەڕێوەبچێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکانی هەرێم.


PM:08:37:05/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت